نێچیرڤان بارزانی و سوودانی جه‌ختیان له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرده‌وه‌

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، نێچیرڤان بارزانی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق، تاووتوێی هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایان كردووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان.

 

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 2022/10/28 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز محه‌مه‌د شياع ئه‌لسوودانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ، دووباره‌ پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى لێكرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌ كار و ئه‌ركه‌كانيدا بۆ خواست، هه‌روه‌ها هه‌موو پشتگيرييه‌كى‌ خۆيان و هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌ركه‌وتنى به‌ڕێزيان و كابينه‌كه‌ى دووپات كرده‌وه‌ و ئاماده‌ييى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هه‌موو هه‌ماهه‌نگى و هاريكارييه‌كى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ حكوومه‌ته‌كه‌يدا نيشان دا.‌

 

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زيران به‌ڕێز ئه‌لسوودانى، سوپاس و پێزانينى بۆ په‌يوه‌ندى و هه‌ڵوێستى نێچيرڤان بارزانى دووپات كرده‌وه‌ و هيواى خواست حكوومه‌ته‌كه‌ى بتوانێت له‌م قۆناغه‌دا به‌ هه‌ماهه‌نگى و هاريكارى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان، دۆخى وڵات له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ به‌ره‌و باشتر ببات و هێز و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان پێكه‌وه‌ له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگيريى وڵاتدا كار بكه‌ن و هه‌مووان هاريكار و يارمه‌تيده‌ر بن.

 

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگى و پێويستيى هاريكاريى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌كاركردنى حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و له‌ چوارچێوى سيستمى فيدراڵيدا، هه‌روه‌ها هاوڕا بوون كه‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وڵات به‌تايبه‌تيش كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و كێشه‌كانى ديكه‌ى عێراق، ڕۆڵێكى بنه‌ڕه‌تى له‌ ئارامى و سه‌قامگيريى وڵاتدا ده‌گێڕن، بۆيه‌ پێويسته‌ هه‌مووان به‌ گيانێكى به‌رپرسانه‌ى نيشتمانيانه‌ و به‌ ڕه‌چاوكردنى به‌رژه‌وه‌ندييه‌ باڵاكانى وڵات، بۆ قۆناغى ئێستا و داهاتوو پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن.

Back to top button