سیداد بارزانی: وەهاب ئاغا کوردێکی ئازادیخواز و بوێر و لەخۆبوردو بووە

 

 

بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی نوێنەری  سەرۆک بارزانی، لە رواندز یادی پەنجا ساڵەی کۆچی دوایی وەهاب ئاغای رواندزی دەکرێتەوە و پەردە لەسەر پەیکەری کۆچکردوو لادەدرێت.

 

لە رێوڕەسمەکەدا سیداد بارزانی وتاری سەرۆک بارزانی خوێندەوە و تێدا هاتووە: “ئەمڕۆ لێردا یادی وەهاب ئاغای جندیانی تێکۆشەری دیاری خەباتی گەلەکەمان دەکەینەوە، پەنجا ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شۆڕشگێری ناسراو، خاوەن مێژوویی پڕ سەروەری وەهاب ئاغا تێدەپەڕێت، چیا و شاخ و دۆڵەکانی کوردستان شاهیدی بۆ قارەمانیەتی و بوێری وەهاب ئاغا دەدەن، ئەو بۆ گەل و وڵاتەکەی کەسێکی دڵسۆز بووە و لە رێگەی خەباتدا سەختی و ئاوارەیی و زیندانی بینیووە، مێژووی خەباتی ئەو قارەمانە تەنیا لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول نەبووە، بەڵکو رۆڵی ئەو هەر لە چلەکانی سەدەی بیستەم دەستیپێکردووە و جێدەستی لە شۆڕش و جوڵانەوەکانی کورددا دیاربووە”.

 

 

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا ئاماژە بە رۆڵی وەهاب ئاغای جندیانی لە شۆڕشی بارزان کرا و ئەوە خرایەڕوو: “لە ساڵی 1943دا رۆڵی هەبووە لە پشتیوانیکردنی شۆڕشی بارزان و هاوکاری راپەڕینەکەی بارزان بووە”.

 

لە وتاری سەرۆک بارزانی بۆ یادی 50 ساڵەی کۆچی دوایی ەهاب ئاغا باس لەوەکراوە: “وێستگەیەکی دیکەی ژیانی سیاسی وەهاب ئاغا حزبی هیوا بووە، لەوکاتەدا وەهاب ئاغا ئەڵقەی پەیوەندی نێوان جەنابی بارزانی نەمر و حزبی هیوا بووە و جێی متمانە و نزیکترین بووە، هەروەها وەهاب ئاغا پێشمەرگە و شۆڕشگێڕێکی کۆماری کوردستان لە مهاباد بوو، یەکێک بوو لە فەرماندەکانی لەشکری بارزان لە کۆمار، هەر لە مهاباد لە ساڵی 1946 لەگەڵ بارزانی نەمر، هەمزە عەبدوڵڵا، نووری ئەحمەد تەها، بەکر حەوێزی، مستەفا خۆشناو، عزەت عەبدولعەزیز و چەند هەڤاڵێکی دیکە دامەزرێنەری پارتی دیموکراتی کورد بوون، لەوێ بڕیاریانداوە هەمزە عەبدوڵڵا بنێرنەوە کوردستانی عێراق، بۆ ئەوەی پارتی لە کوردستان دەست بە چالاکییەکانی بکات، دوای کۆماری کوردستان وەهاب ئاغا بەهۆی نەخۆشییەوە نەییتوانی لەگەڵ بارزانی نەمر و هەڤاڵانی بچێتە سۆڤیەت، بۆیە گەڕایەوە عێراق و ماوەی چەند ساڵێک لە مووسڵ زیندانی کرا”.

 

لە وتاری سەرۆک بارزانی هاتووە: “وەهاب ئاغا لە شۆڕشی ئەیلوولدا رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە، لە ساڵی 1963 تا ئەوکاتەی کۆچی دواییکرد، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش بووە، وەهاب ئاغا جگە لەوەی رۆڵی گرنگی لە شۆڕشەکاندا بینیووە، حەزی لە هونەر و کولتوور و خوێندنەوە بووە و کوردێکی ئازادیخواز و بوێر و لەخۆبوردو بووە”.

Back to top button