د. بێوار خنسی: ھاوشێوەی ئاو غازیش دەگەیەندرێتە ھەموو ماڵێک

 

حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕژدە لە گەیاندنی بۆڕیی غاز بۆ ماڵان و ڕاوێژکارێکی سەرۆکی حکومەتیش جەخت دەکاتەوە، جگە لە ھاوردەکردنی بۆ بازاڕ، بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا و گەیاندنی بە ماڵانیش سوود لە غاز وەردەگیرێت.

 

د. بێوار خنسی، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بۆ کاروباری وزە بە دەزگای میدیی خواکوڕک – ی  ڕاگەیاند: “سیاسەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە زیاتر گرینگی بە کەرتی غاز بدات و بەھۆی ھەبوونی ڕێژەیەکی زۆری غاز لە کێلگەکانی ھەرێمی کوردستاندا، ھەرێم لە توانایدایە ڕۆژانە بەرھەمێکی باشی غازی ھەبێت و جگە لە پێداویستیی ناوخۆ، ھەناردەی بازاڕەکانی جیھانی بکات و تەنانەت بۆ عێراقیش غاز دابین بکات، ئەوەیش ھەنگاوێکی باشە بۆ سوودوەرگرتن لە غاز.”

 

هاوکات لەبارەی دابینکردنی غازی ماڵانیش ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی حکومەت دەڵێت: “لە چوارچێوەی پەرەپێدانی کێڵگەکانی غازدا بڕیار وایە بەشێک لەو غازەی بەرھەم دێت لە ھەرێمی کوردستان، ھاوشێوەی وڵاتانی جیھان لە ڕێگەی بۆڕییەوە بگەیەندرێتە ماڵان و وەک چۆن ئاو بۆ ماڵان دابین کراوە، غازیش بە ھەمان سیستەم بگەیەندرێتە ھاووڵاتییان.”

 

د. بێوار خنسی ڕوونی کردەوە: “ھەرێمی کوردستان ئایندەیەکی گەشی ھەیە لە داھاتوودا بۆ پەرەپێدان و بەرھەمھێنانی غاز، بەپێی پلانی حکومەت جگە لە فرۆشتنی بۆ بەرھەمھێنانی کارەباش سوود لە غاز وەردەگیرێت، دانووستانیش لەگەل چەندین کۆمپانیای جیھانی کراوە بۆ کارکردن لە کەرتی غازی ھەرێمی کوردستان.”

Back to top button