عەلی عەونی : پەکەکە بووکەڵەو بوودەڵە دروست دەکات

 

 

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ په‌كه‌كه‌ كه‌سانێكی بووكه‌ڵه‌ و بووده‌ڵه‌ی وه‌ك ساڵح موسلیمیان دروست كردووه و‌ بە حسابی خۆیان ده‌یانه‌وێت به‌و قسانەی‌ له ‌دژی پارتی ده‌یكات، سه‌رودڵمان بگرن! به‌ڵام خەیا‌ڵیان خاوه،‌ پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ دانانیشێت.

 

عه‌لی عه‌ونی، له‌ وه‌ڵامی قسه‌كانی ساڵح موسلیم، هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده‌ كه‌ له ‌میدیای حزبه‌كه‌وه‌ كردوویه‌تی، لە لیدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنەکان گوتی : ”كورد دەڵێ (له ‌دز وایە هه‌موو كه‌س دزه)‌ په‌یه‌ده‌ و هاوشێوەی به‌كرێگیراوانی په‌كه‌كه‌ وه‌ك رێكخراوێكی ترسناكیان لێ هاتووه‌ و لەلایەن وڵاتانی دراوسێوه‌ وه‌ك سیخووڕ و دامه‌زاروه‌ی داپڵۆسێنه‌ر له ‌دژی گه‌لی كوردستان به‌كار ده‌هێنرێن، فه‌رموو ببینن بزانن رۆژئاوای كوردستانیان چی لێ كردووه؟‌“

 

گوتیشی: ”پارتی زۆر لەپێشە و زۆر لەمێژە ئه‌وانه‌ی جێ هیشتووه،‌ ساڵح موسلیم هی ئه‌وه‌ نییه‌ دوو قسه‌ی خێر بۆ كورد بكات و دوو دۆست بۆ كورد په‌یدا بكات، به‌ڵام بۆ دژایه‌تیی كوردستان ئاماده‌یه‌ ده‌ست لەناو ‌ده‌ستی نۆكه‌ر و بێگانەدا‌ بنێت، وەك فێر كراون به‌م شێوه‌یه‌ دەیانەوێ سه‌ری خۆیان و گه‌لی كوردستانیش له‌قوڕ ده‌نێن.“

 

ئەو سەركردەیەی پارتی گوتیشی: “چه‌ند جار ساڵح موسلیم له‌لایه‌ن پارتییه‌وه بینرا، به‌ڵام ده‌ركه‌وت قسه‌ به‌گوێیدا ناڕوات و عاقڵ نابێت، ئیتر پێویست ناكات ببینرێت، چونكە هیچ به‌ده‌ستی ئه‌و نییه‌، بەڵكوو ئه‌و بووده‌ڵه‌ و بووكه‌ڵه‌ی ده‌ستی په‌كه‌كه‌یه‌ و ئه‌ڵقه‌ له‌گوێی په‌كه‌كه‌یه‌، چۆن فێری ئه‌و زمانه‌ توركییه‌ باشه‌ بووه‌ و ئاوا به‌ پاراوی قسه‌ی پێده‌كات، با بچێت به‌و زمانه‌ له‌گه‌ڵ توركیا قسه‌ بكات و وەڵامی ئه‌وان بداته‌وه.“

 

راشیگه‌یاند: ”ئه‌و هه‌موو خوێنه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان درا، كه‌چی رۆژئاوا به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چێت كە هیچی نه‌كردبێت، ئه‌و هه‌موو كوڕ و كچه‌ نازداره‌ له‌و پارچه‌یه‌ شه‌هید كران، به‌ڵام ئه‌وان خراپیان به‌كار هێنان.“

Back to top button