ڕووسیا: بەریتانیا بە درۆن هێرشی کردۆتە سەر یەختەکانی دەریای ڕەش لە کرێمیا

سوپای ڕووسیا بەریتانیای تۆمەتبار کرد بەوەی کە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ سەر بەلەمەکانی دەریای ڕەش لە کرێمیا ئەنجامداوه‌، کە مۆسکۆ لە ساڵی 2014 لکاندوویه‌تی به‌ وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ و زیانێکی کەمی بە یەکێک لە کەشتییەکان گه‌یاندووه‌.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ بڵاوی كرده‌وه‌، ئامادەکاری بۆ ئەم کردەوە تیرۆریستییە و ڕاهێنانی سەربازانی ئۆکراینی بۆ ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دەریایی لەلایەن پسپۆڕانی بەریتانی ئه‌نجام دراوه‌ کە بنکەیان لە ئۆکرانیا هه‌یه‌.

به‌رپرسانی كرێما ڕایانگەیاند کە سەرجەم ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی هێرشیان کردە سەر بەندەری سیڤاستۆپۆل بە سەرکەوتویی بەرپەرچدرانەوە و خراونەتە خوارەوە.

 میخائیل رازڤۆگاێڤ پارێزگاری سیڤاستۆپۆل لە هەژماری تایبەتی خۆی ڕایگەیاندووە، ‌به‌یانی ئەمڕۆ بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک، سیستەمی بەرگری ئاسمانی جۆراوجۆری شاره‌كه‌ په‌رپه‌رچی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەنه‌كانیان داوه‌ته‌وه‌، هەمو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان خراونەتە خوارەوە.

سوپای ڕووسیا لەندەنی تۆمەتبار کرد بەوەی دەستی هەبووە لە تەقینەوەکان کە لە مانگی ئه‌یلول بووە هۆی دزەکردنی بۆری غازی نۆرد ستریم لە دەریای باڵتیک، کە بۆ گواستنەوەی غازی ڕووسیا بۆ ئەوروپا دروستکراون.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ده‌ڵێت، نوێنەری یەکەیەکی هێزی دەریایی بەریتانیا بەشداری لە پلاندانان و دابینکردن و جێبەجێکردنی کردەوە تیرۆریستییەکە لە دەریای باڵتیک کردوه‌ بۆ تێکدانی کارەکانی بۆرییەکانی غازی نۆرد ستریم یه‌ك و دوو.

Back to top button