دابەش کردنی نەوت بە سەر هاووڵاتییاندا بەردەوامە
پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەكان و دەشتاییەكان جیاوازە، رۆژانە بەپێی سیستمێكی تایبەت لە ڕێی لیژنەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەوت و گاز لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆییەكان دابەش دەكرێت.
ئەمڕۆ فەلاح مەولوود بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان و كانزاكان رایگەیاند، دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپی كراوە و تا ئێستا لە پارێزگای هەولێر چوار ملیۆن و 488 هەزار و 310 لیتر، لە پارێزگای سلێمانی هەشت ملیۆن لیتر، لە پارێزگای دهۆك شەش ملیۆن و 646 هەزار و 174 لیتر، لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 220 هەزار لیتر، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەك ملیۆن و 213 هەزار و 200 لیتر نەوتی سپی بەسەر ماڵان دابەش كراوە.
بەپێی داتاكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لە دهۆك 10 هەزار و 700 خێزان و لە گەرمیان هەزار و 100 خێزان و لە سۆران شەش هەزار و 66 خێزان، نەوتیان وەرگرتووە كە كۆی گشتی دەگاتە ١٧ هەزار و 866 خێزان و بۆ هەر خێزانێكیش 200 لیتر دابین كراوە.
فەلاح مەولوود گوتی، بڕە نەوتێكی زۆر لە كۆگەكانی بەڕێوەبەڕایەتیی نەوت و كانزاكانی سلێمانی هەیە، هەر كاتێك لە ڕێی قایمقامییەتەكانەوە داوا بكەن، نەوتەكەیان بۆ دەنێرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان و كانزاكان لەبارەی نرخی نەوتی سپی گوتی، نەوتی سپی 284 هەزار دینار لەسەر حكومەت دەكەوێت و بە نرخی پاڵپشتیكراوی 100 هەزار دینار دەدرێتە هاووڵاتییان.
ئێستا پرۆسەی دابەشكردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكان بەردەوامە، دوای ئەویش لە ناوچەكانی دەوروبەر و سەنتەری شارەكان دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.