د.عەلی تەتەر : لە سێ ساڵی ڕابردوو 655 پرۆژه‌ بە كوژمەی 488ملیار دینار لەسنووری شاری دهۆك هاتیتە راگه‌یاندن 

د. عه‌لى ته‌ته‌ر، پارێزگاری دهۆک، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا گوتی: ”ئێمە پێشتر بەڵێنمان دابوو هێندێک پێشکەوتن لە پڕۆژەکانی خزمەتگوزاریدا جێبەجێ دەکەین و، لە سێ ساڵی ڕابردوو لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای دهۆک 656 پڕۆژەی جیاجیا بە گوژمەی 488 ملیار و 991 ملیۆن دینار جێبەجێ کران.”

گوتیشی: ”هەر دوای ئەوەی کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا سەردانی زاخۆی کرد و قەزای زاخۆ کرا بە ئیدارەی سەربەخۆ، بڕیار درا 51 پڕۆژە جێبەجێ بکرێن کە لەو ژمارەیە 49 پڕۆژە کۆتاییان هاتووە و کەوتوونەتە خزمەت خەڵکەوە، دوو پڕۆژە ماون و هێشتا کاتیان ماوە کە ئەوانیش پڕۆژەی ئاوی باتیفا و پڕۆژەیەکی دیکەیە کە بە ڕێژەی 98٪ کارەکانیان کراوە.”

پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش دا: ”لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئامێدییشی کرد و بڕیاری دا 105 پڕۆژە لەو دەڤەرە جێبەجێ بکرێن کە لەو پڕۆژانەش 104 پڕۆژە کۆتاییان هاتووە و تەنیا پڕۆژەی نەخۆشخانەی 100 تەختی ماوە.”

د. عەلی تەتەر ڕایشیگەیاند: ”لە ساڵی 2022دا ئێمە 144 پڕۆژەمان بۆ خزمەتکردنی خەڵک هەبووە، لەوانە 136 پڕۆژە کۆتاییان هاتووە و کەوتوونەتە خزمەت هاووڵاتییانە کە بەهاکەیان 235 ملیار دینار بووە، هەشت پڕۆژەش ماون و کاریان تێدا دەکرێت و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەوانیش تەواو دەبن. لە ساڵی 2021یشدا ئێمە 133 پڕۆژەمان هەبوو بە گوژمەی 90 ملیار دینار کاریان لەسەر دەکرێت و لەو پڕۆژانەش 98 پڕۆژە کۆتاییان هاتووە و 35 پڕۆژە ماون کە لە ساڵی نوێدا تەواو دەکرێن.”

جەختی لەوەش کردەوە: ”هەر لە ساڵی 2022دا ئێمە 378 پڕۆژەمان هەیە بە گوژمەی 164 ملیار و 400 ملیۆن دینار دروست دەکرێن و ئێستا لە 191 پڕۆژەدا کار دەکرێت و 187 پڕۆژەش لە قۆناغی تەندەریدان و لە ماوەی دوو سێ حەفتەدا دەچنە واری جێبەجێکردنەوە.”

ئاشکرایشی کرد: ”11 قوتابخانەی نوێ دروست دەکرێن کە زۆربەیان 18 پۆلین و ڕەنگە لە دەڤەرێک دوو، یان سێ قوتابخانە دروست بکرێن، ئەوەش بەو واتایە نییە کە جیاوازی لە نێوان دەڤەرەکاندا دەکرێت، بەڵام بەپێی پێویستیی دەڤەرەکان پڕۆژەکان پێشکەشی خەڵکی خۆشەویست دەکرێن.”

Back to top button