سەركردەیەكی پارتی بۆ شێخ جەعفەر: لە نێو یەكێتیدا ترس و تۆقاندنێك بڵاو بۆتەوە، كەس ناوێرێت قسە بكات
ئهندامێكی سهركردایهتی پارتی دیموكراتی كوردستان وهڵامی شێخ جهعفهر مستهفا دەداتەوە و رایدەگەیەنێت كە ئەگەر گرفتێك هەبێت، بەهۆی گرووپێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە كە هەوڵ دەدەن ململانێكانیان بە شێوەیەكی توندوتیژ بهێننە هەولێر، لە بەرامبەریشدا پارتی ڕێگە بە تیرۆر نادات.
هیوا گەیلانی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی وەڵامی ئەو قسانەی شێخ جەعفەر مستەفای دایەوە كە شەوی رابردوو لە میدیاكانی یەكێتییەوە كردوونی و رایگەیاند، كە ئەگەر جددییە لەو بانگەشانەی دەیكات بۆ ڕێگەگرتن لە تاكڕەوی، سەرەتا با لە نێو حزبەكەی خۆیدا تاكڕەوی قەبووڵ نەكات و پرسیار لەبارەی هۆكاری تیرۆركردنی فەرماندە سەربازییەكانی سەر بە حزبەكەی خۆی بكات چ لە رانیە و چ لە هەولێر، ئەگەر یەكێك بیەوێ پێش لە تاكڕەوی بگرێ، دەبێ لە نێو ماڵی خۆیەوە دەست پێ بكات و بوێر بێ باسی داهات و قاچاخچێتییەكانی سنوورەكەیان بكات، بەداخەوە لە نێو یەكێتیدا كەس ناوێرێ باسی دزینی پارە و داهاتی سلێمانی و نەمانی پارەی بانكەكان بكات كە خەریكە بەهۆی ئەو تاڵانییەوە ناوی دەڤەرەكەیان دەچێتە كتێبی گینسەوە.
ئەو سەرکردەی پارتی زیاتر دەڵێ، كە تاكە ڕێگە بۆ ئەوەی لایەنێك بیەوێ پێش لە پارتی دیموكراتی كوردستان بگرێت، ئەوەیە كە لە پارتی زیاتر یان لانی كەم وەك پارتی خزمەتی خەڵكی بكات، بەڵام یەكێتی ناوچەكەی ژێر دەسەڵاتی خۆی تاڵان دەكات و بگرە لەبەر ململانێی ناوخۆیی، دەستی بۆ كوشت و بڕیش بردووە. باسی لەوەش كرد كە هۆكاری ئەو گرفتانەی ئێستا هەن، پارتی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان نین، بەڵكوو گرووپێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانن كە جگە لە تیرۆركردنی فەرماندەكانی خۆیان، داهاتەكان ناگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی گشتیی هەرێمی كوردستان و تاڵانیی گەورە لە سلێمانی دەكات، حكوومەتیش مافی خۆیەتی لە دزی و تاڵانی و تیرۆر بێدەنگ نەبێت.