دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی دەستپێدەکات

دووەم رۆژی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژرادنی ئەندامانی سەرکردایەتی دەستپێدەکات.

بەگوێرەی بەنامەی کاری کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی 4/11/2022، کە دووەم رۆژی بەڕێوەچوونی کۆنگرەیە کاتژمێر 10ی سەر لە بەیانی دانیشتنی یەکەم دەستپێدەکات و راپۆرتی لیژنەکان دەخوێندرێتەوە.

لە دانیشتنی دووەمی ئەمڕۆی کۆنگرەی 14ی پارتی کە بەگوێرەی بەرنامەی کار کاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت، ناوی کاندیدەکان دەخوێندرێتەوە و پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دەستپێدەکات.

وەک لە بەرنامەی کاری کۆنگرەی پارتی ئاماژەی پێکراوە، ئەمشەو پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان و هەژمارکردن بەڕێوەدەچێت.

وەزیر سورچی ئەندامی کۆنگرەی پارتی رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەنجام بدرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، هەر لە چوارچێوەی کارەکانی رۆژی دووەمی کۆنگرەدا ژمارەیەک لە پێشمەرگە دێرینەکان و یاوەرانی بارزانی خەڵات دەکرێن.

Back to top button