ئاری هەرسین : ئەگەر یەکێتی لە حکومەت بکشێتەوە دەبێ چاوەڕێی ئەنجامێکی قورس بکات
ئاری هەرسین، ئەندامی کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، هەموو هەوڵێکی پارتی بۆ ئەوەیە سەقامگیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بپارێزێت، لە وتارەکەیدا سەرۆک بارزانی لە کۆنگرە جەختی لەوەکردەوە کە دەبێ نێوانمان لەگەڵ هەموو لایەنەکان خۆش بێت و دوای کۆنگرە بەرنامەیەک دادەنرێت بۆ بەسەرکردنەوەی هەموو لایەنە سیاسییەکان.
گوتیشی: یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، پێش هەموو لایەنەکانی دیکە ئێمە وەک پارتی لێی بەرپرسین.
سەبارەت بە کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، ئاری هەرسین دەڵێت: کێشەکانی نێوان ئێمە و یەکێتی کێشەی سیاسییە، هەموو کێشە سیاسییەکان بە گفتوگۆ چارەسەر دەبێت، تاکە رێگە بۆ چارەسەری کێشەکان میتۆدی دیپلۆماسی و سیاسییە، ئەوەش بریتییە لە گوێگرتن و رێزگرتن لە بۆچوونی یەکتر، ئێمە و یەکێتی شتی ناخۆشتر لەنێوانمان هەبووە، ئەوەی ئێستا هەیە ئەوەشیان چارەسەر دەبێت.
دەربارەی ئەگەری کشانەوە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە حکومەت، کە شاندێکی ئەو حزبە لەگەڵ لایەنەکان باسیان کردووە، ئاری هەرسین گوتی: “ئەوە توڕە بوون و هەڕەشەیە، بەڵام یەکێتی خۆیان دەزانن بە کشانەوەیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێ چاوەڕێی چ ئەنجامێکی قورس بکەن بۆ هەرێمی کوردستان، بۆیە شتی واناکەن”.
جەختیکردەوە، ئەگەر یەکێتی بڕیاری کشانەوە لە حکومەت بدات ئەنجامەکە بە دڵی هیچ لایەنێک نابێت، دەشڵێت: ئەگەر یەکێتی ئەوە بکات، دەبێ بەرپرسیاریەتی ئەوە هەڵگرن کە هەرێمی کوردستان بەرەو ئاراستەیەک دەڕوات، رەنگە زەرەرمەندی یەکەم یەکێتی نیشتمانی کوردستان بێت و خەڵکی کوردستانیش بە ئەنجامەکەی دڵخۆش نابن.