شێوەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندی پارتی گۆڕدرا

كارەكانی كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ڕۆژی سێیەم بەردەوامە، شەوی رابردوو پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی ئەو حزبە بەڕێوە چوو، بەڵام بە كۆتا نەهات و كارەكانی كۆنگرەكە كۆتایی نەهات، پرۆسەی دەنگدان بۆ ئەمڕۆ هاتە دواخستن.

مەحموود محەممەد، ئەندامی کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، دوێنێ 12 کەس بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی دەنگیانداوە، بەهۆی کێشەی تەکنیکی پرۆسەی دەنگدان وەستێنراوە و ئەمڕۆ کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێت.

راشیگەیاند، یاتر لە 100 کەس خۆیان بۆ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کاندید کردووە و 51 کەس وەکو ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی نۆ کەسی دیکە وەک ئەندامی یەدەگ هەڵدەبژێردرێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی دەنگدان ئەمڕۆ بەشێوەی دەنگدانی بەدەست بەڕێوەدەچێت، بڕیاربوو بە ئەلیکترۆنی ئەنجامبدرێت، بەڵام دوێنێ بەهۆی کێشەی تەکنیکی وەستێنرا.

 

Back to top button