ئافرەتان لە کۆنگرەی چواردەدا پێگەی ئافرەتان بەرز نرخێندراوە

 

کۆنگرەی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە سێیەم ڕۆژی کارەکانی بەڕێوە دەچێت، ئافرەتانی کادیری پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێن، لەم کۆنگرەیەدا ڕۆڵی ئافرەتان بەرز نرخێندراوە و ڕێژەیەکی زیاتری ئافرەت هێنراونەتە پێشەوە و هەلیان پێ دراوە.

 

لە کۆنگرەی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کە ئەمڕۆ سێیەم ڕۆژیەتی و لە دهۆک بەڕێوە دەچێت، سەرۆک بارزانی وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرایەوە و، هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی بۆ جێگری یەکەمی سەرۆک و مەسرور بارزانی، وەک جێگری دووەمی سەرۆک هەڵبژێردران.

 

لەبارەی هێنانەپێشەوەی ئافرەت لە کۆنگرەی ١٤ و گرنگیدان بە ڕۆڵی ئافرەتان، کە لە کۆی ٥١ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ٧یان بۆ ئافرەت دانراون، ڤیان گەردی، وەک کادیرێکی ئافرەت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “ڕۆڵی ئافرەت گرنگە لە کایەی سیاسیدا هاوشانی پیاوان، هەربۆیە پێویستە هەڵوەستە لەسەر پێگەی ئافرەت بکرێت لەم کۆنگرەیەدا، ئەوەی دەیبینم لەم کۆنگرەیەدا بە ڕێژەیەکی زیاتر لە کۆنگرەکانی پێشوو ئافرەت دەرفەتی پێ دراوە و ئومێدەوارین لە دوای بەستنی ئەم کۆنگرەیە ئافرەتان زیاتر گرنگی بە کارە ڕێکخراوەییەکانیان بدەن.”

 

هەر لەم بارەیەوە، گوڵتەن سابیر، کادیری پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “ئافرەت لەنێو کایەی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا جێدەستیان دیارە و پێشەنگن بۆ کارەکانیان، بەتایبەت لە کۆنگرەی ١٤دا دەستخۆشی دەکەین کەوا ڕۆڵی ئافرەتان لەبەرچاو گیراوە و گرنگیی زیاتری پێ دراوە، هیوادارم لە پەیڕەو و پڕۆگرامی نوێی پارتیدا پێگەی ئافرەتان بەرز بنرخێندرێت، ئافرەتانی نێو پارتی دیموکراتی کوردستان، هاوکاریی ئافرەتانی کۆمەڵگا بکەن و بۆ هۆشیارکردنەوە و بەرەوپێشبردنیان، پشتگیرییان بکرێت.”

 

هاوژین هادی، کادیری پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیاند: “لە کۆنگرەی ١٤دا ئەوەی بینیمان جوانیی بە کۆنگرەکە بەخشیوە، ڕێژەیەکی زۆری ئافرەتان بەشدارن لە کۆنگرەدا و هاوشانی پیاوان هەوڵ دەدەن بۆ سەرکەوتنی کۆنگرە، هەربۆیە هیوا و ئومێدمان نەبڕاوەیە کاتێک سەرۆک بارزانی سەرۆکمان بێت، دڵنیاشم ئەم جارە ئافرەتان زیاتر گرنگییان پێ دراوە و هێنراونەتە پێشەوە و پێگەیان بەرز نرخێندراوە.”

Back to top button