ڕیشی سوناک: بەریتانیا بیر لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی زیاتر لە دژی ئێران دەکاتەوە

 

ڕۆژی دووشەممە، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا یەکەمین دیداری لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، حاکمی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ئەنجامدا و لەگەڵیدا باسی “ڕەفتاری ناسەقامگیرکەر”ی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەدا  و بووژانەوەی رێکەوتنی ئەتۆمی کرد.

 

ڕیشی سوناک هەروەها لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە ڕۆژی دووشەممە، بەبۆنەی سەردانەکەی بۆ میسر و دیداری لەگەڵ سەرکردەکانی زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی، ڕایگەیاند کە بەریتانیا “بیر لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی زیاتر لە دژی ئێران دەکاتەوە”. لەم بابەتەدا وردەکاری زیاتری نەخستەڕوو.

 

دیدارەکەی  سوناک و شێخ زەید لە پەراوێزی لوتکەی جیهانی کەشوهەوا لە شەرم ئەلشێخی میسر بەڕێوەچوو.

 

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ڕیشی سوناک و فەرمانڕەوای ئیمارات ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی “بەردەوام بن لە کارکردن لە نزیکەوە لەسەر بەرگری و ئاسایش و بازرگانی، لەنێویاندا پێشخستنی ڕێککەوتنی بازرگانی بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی داهاتوودا”.

Back to top button