ئەو خوێندکارە کوردەی لە ئێران درایە بەر چەقۆ گیانی لەدەستدا

 

 

ئەو خوێندکارە کوردەی هەرێمی کوردستان کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە شاری ئەهوازی ئێران بە چەقۆ بریندار کرابوو، گیانی لەدەستدا. باوکیشی داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات هاوکاری بکەن بۆ هێنانەوەی تەرمەکەی.

 

ئەو خوێندکارە، ناوی بەشار فایەقە، تەمەنی 21 ساڵە و خوێندکاری قۆناخی دووی کۆلێژی پزیشکی بوو، لە زانکۆیەکی شاری ئەهوازی ناوەندی پارێزگای خوزستان دەیخوێند، رۆژی 03-11-2022 لە تەنیشت زانکۆکەی لەلایەن چوار کەسەوە درابووە بەر چەقۆ.

 

فایەق ئەحمەد، باوکی بەشار لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنەکان گوتی :  کوڕەکەی چوار رۆژ بوو لە نەخۆشخانە بوو، سەرەڕای چوار نەشتەرگەریی گەورە، کاتژمێر 06:00ی بەیانی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

 

بەشار دانیشتووی قەزای بەردەڕەشی سەر بە پارێزگای دهۆک بوو، دوو ساڵ لەمەوبەر بۆ خوێندنی پزیشکی چووبووە ئێران، چوار رۆژ لەمەوبەر لە نێو پارکێکی شاری ئەهواز، چوار کەس رێگەیان لێگرتووە و پارە و مۆبایلەکەیان لێسەندووە، پاشان بەر چەقۆیان داوە و حەوت چەقۆی بەرکەوتووە.

 

باوکی بەشار دەڵێت، کوڕەکەی کێشەی لەگەڵ کەس نەبووە و هیچ پەیوەندییەکیشی بە خوپێشاندەران و سیاسەت نەبووە.

 

باوکی بەشار داوا دەکات لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاری بکەن بۆ ئەوەی تەرمی کوڕەکەی بەشێوەکی فەرمی و لە رێگەی فڕۆکەخانەوە بگەڕێننەوە هەرێمی کوردستان.

 

 

 

بەشار فایەق لە نەخۆشخانە

Back to top button