بڕیارێک دەرچوو بۆ لێخۆشبوونی قەرزێکی سەر هاووڵاتییان

 

بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لێخۆشبوون بۆ ئەو كەسانە دەكرێت كە قەرزی بچووكیان وەرگرتووە و لە ژیاندا نەماون. بەرپرسێكیش وردەكاریی بڕیارەكە ئاشكرا دەكات.

 

نەهرۆ جەوهەر، بەڕێوەبەری کارگێڕیی سندووقی پشتیوانیی پڕۆژە بچووکەکانی لاوان  ڕاگەیاند: “ئاگاداری سەرجەم كەسوكاری ئەو سوودمەندانە دەكەینەوە كە قەرزی بچووكیان وەرگرتووە و كۆچی دواییان كردووە، بە زووترین كات سەردانی نووسینگە و بنكەكانی قەرزی بچووک لە شار و شارۆچکەکان بكەن بۆ ئەوەی داواكاریی لێخۆشبوون و بەڵگەنامەی كۆچكردن پێشكەش بكەن بە مەبەستی لێخۆشبوونی قەرزەكەیان.”

 

ئاماژەی بەوەش دا: بۆ 50%ی ئەو قەرزەی لە ئەستۆیاندا ماوە لێخۆشبوون دەكرێت.

 

نەهرۆ جەوهەر گوتیشی: “دوای هەوڵێکی زۆر و بەرزکردنەوەی نووسراو، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندیی دەربڕیوە لێخۆشبوونی 50% بۆ سوودمەندانی کۆچکردوو دەربکات.”

 

پێشتر بۆ ئەو کەسانەی قەرزیان ڕاکێشاوە و لە ژیاندا نەماون، بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ 15%ی قەرزەکەیان لێخۆشبوون كرا، بەڵام ئەو کەسانەی پرۆژەکەیان سەرکەوتوو نەبووە، یان ئیفلاسیان کردووە، لێخۆشبوونیان بۆ نەكرا.

 

بەڕێوەبەری کارگێڕیی سندووقی پشتیوانیی پڕۆژە بچووکەکانی لاوان ئاشكرایشی كرد، ئەوانەی كەسوكاریان كۆچی دوایی كردووە لە زووترین كاتدا سەردانی نووسینگە و بنكەكانی قەرزی بچووك بكەن بۆ پێشكەشكردنی داواكاری و گوتیشی: “14 بنكەمان هەیە لە شار و شارۆچكەكان، دەبێت هاووڵاتییان سەردانی ئەو بنكانە بكەن، نەك سەردانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و داواكاری لەگەڵ بەڵگەنامەی كۆچكردن پێشكەش بكەن، لێخۆشبوون بۆ 50%ی پاشماوەی قەرزەكانیان دەكرێت.”

 

لە تەمووزی 2011 پێدانی قەرزی بچووك دەستی پێ كرد كە نێوانی ملیۆنێك تاوەكوو 15 ملیۆن دینار بوو، مەرجی قەرزەكەش ئەوە بوو کە تەمەنی لە نێوان 16 بۆ 35 ساڵیدا بێت و خاوەنی بیرۆکە و توانای دارایی لاواز و بێكار بێت.

 

پێشتر هەشت هەزار و 136 كەس لە پێدانی قەرزی بچووك لە كوردستان سوودمەند بوون.

Back to top button