ئەنجومەنی وەزیران نەخشەڕێگای پەیوەندیی نوێی نێوان ههولێر و بهغدا تاووتوێ دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی تشرینی دووەم، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی لە تیمی وەزاری پارتی کرد، بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی چواردەی پارتی . پاشان دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان، بەناوی تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و سەرۆکی تیمی وەزاری گۆڕان، بەناوی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، هەروەها ئەندامانی دیکەی ئەنجومەن، پیرۆزباییان لە تیمی وەزاری پارتی کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی کارەکانی کۆنگرەی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان.
بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە گفتوگۆکردن لەبارەی بڕیارێکی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە نەخشەڕێگای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پەیوەندیی نوێی نێوان هەولێر و بەغدا، لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیران و میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور و هەروەک لە بەرنامەی کاری (المنهاج الوزاري)ی کابینەی نوێ دا هاتووە و لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند کرا، بەتایبەت دۆسیەی ماددەی ١٤٠ی دەستوور تایبەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و دۆسیەی نەوت و گاز و بەشداری شایستەی هەرێمی کوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەکان و بابەتی ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگە و بابەتەکانی دیکەی وەک پڕۆژە یاساکانی (دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی فیدراڵی و نەوت و گاز).
دوای تاووتوێکردنی ئەم بڕگەیە، بڕیاردرا شاندی دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ لەم بەڕێزانە پێکبێت، وەزیری دارایی، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، وەزیری پلاندانان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها راسپێردران لە چوارچێوەی مافە دەستورییەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان، لە نزیکترین کاتدا، دەست بە گفتوگۆ بکەن و جەخت لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی فیدڕاڵی و ئەو رێکەوتنە سیاسییەی کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەردرا کرایەوە.
لە بڕگەی دووەمدا، لەلایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو و بۆ ئەم مەبەستەش لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕادەسپێردرێن بۆ کارکردن لەسەر ئەم بابەتە.