پشتیوان سادق: لەگەڵ گۆران دووپاتمان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن كردەوە
كۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كە لە هەولێر بەڕێوە چوو، بە كۆتا هات و گوتەبێژی گۆڕان رای گەیاند، پێویستە بەهەموومان ئاستەنگەكانی بەردەم هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان لاببەین.
دوا بەدوای كۆبوونەوەكە، دلێر عەبدولخالق گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان رای گەیاند، پێویستە بە هەموو لایەنەكان ئاستەنگەكانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لاببەن.
روونیشی كردەوە كە هیچ لایەنێكمان نەمانتوانیوە خەڵك لە خۆمان رازی بكەین، ناكرێ كێشەی نێوان دوو حزب ببێتە هۆی پەكخستنی دامەزراوەكانی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان.
هاوكات د. پشتیوان سادق ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، خۆشحاڵی خۆی بە كۆبوونەوەكە دەربڕی و رای گەیاند، خۆشحاڵین بە كۆبوونەوە لەگەڵ هاوپەیمانێكی سەرەكیمان كە بزووتنەوەی گۆڕانە و هاوبەشی سەرەكی حكوومەتە.
ڕوونیشی كردەوە كە هاوڕا بووین لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كە دەبێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكرێت، بۆ ئەوەیش پارتی هەموو هاوكاری و ئامادەكارییەك دەكات كە تا مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردن بەڕێوە بچێ.
بەرپرسەكەی پارتی دووپاتی لەوە كردەوە كە هیچ بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینە و كەمینە تێپەڕ نەبووە، ئەوەیش لەپێناو یەكگرتوویی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و ئێستەیش پێویستە زیاتر یەكگرتوویی بپارێزین.
پارتی دیموكراتی كوردستان پێشتر سەردانی زۆر لە لایەنە سیاسییەكانی كردووە و ئەمڕۆیش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆ بوونەوە.