بایدن و سوودانی تاووتوێی پلانی ئابووری حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ن

کوشکی سپی لە ڕاگەیێندراوێکدا کە ئەمرۆ هەینی بڵاویکردۆتەوە جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، ئەنجامداو پابه‌ندی ئه‌مه‌ریكای به‌ رێككه‌وتنی ستراتیژی نێوان به‌غدا و واشنتنی دووپاتكرده‌وه‌

 

له‌ راگه‌یه‌ندراوەکەی كۆشكی سپی دا هاتووه‌: بایدن و سوودانی به‌ ته‌له‌فۆن تاووتوێی په‌ره‌سه‌ندنه‌ ناوچه‌ییه‌كان کردووە  و بایدن ستایشی هه‌وڵه‌كانی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، بۆ پاراستنی سه‌روه‌ری عێراق كرد و پشتگیری ته‌واوی واشنتنی بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ هه‌موو بواره‌كاندا نیشاندا و گفتوگۆیان له‌باره‌ی پلانی ئابووری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كرد، كه‌ ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌یی ده‌ربڕیووه‌ پشتگیری له‌و پلانه‌ بكات.

 

هه‌روه‌ها بەپێی ڕاگەیێندراوەکە، بایدن پێشوازی له‌و سه‌ردانه‌ی دكتۆر فوئاد حوسێن و شاندنی یاوه‌ری ده‌كات بۆ واشنتن، بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی پلانی ئابووری حكومه‌تی ئێستای عێراق.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بایدن و سوودانی پابه‌ندی خۆیان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و رێگریكردن له‌ جووڵه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌، دووپاتكرده‌وه‌.

كۆشكی سپی ئاماژەی بەوەشکردووە کە، شا عه‌بدوڵڵای پادشای ئوردنیش له‌گه‌ڵ بایدن به‌شداری له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌ كردووه‌، کە له‌ ئێستادا به‌ گه‌شتێك له‌ واشنتنه‌، تێدا پادشای ئوردن پاڵپشتی خۆی و وڵاته‌كه‌ی بۆ عێراق دووپاتكرده‌وه‌.

Back to top button