تا ئێستا ئه‌و هێزه‌ ده‌مامكداره‌ نه‌ناسراوه‌ كه‌ مه‌لاكه‌ی حاجیاوه‌ی ڕفاندوه‌ و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ش داوای ئازادكردنی له‌ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ن.

خواكوڕك

بۆ ئیدانەکردنی رفاندنی مامۆستا ئایینیه‌كه‌ی حاجیاوا، گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی لە شارۆچكەكه‌ بەڕێوەچوو. بەڕێوەبەری شارۆچكەكەش ڕایده‌گه‌ێنێت”هیچ زانیارییەكیان لەبارەی چارەنووسی ئەو مەلایەوە نییە. یەكێتی زانایانیش بەیاننامەیەكی ناڕەزایی بڵاوکردەوە. 

پاش ئه‌وه‌ی شەوی 19/3/2017 مامۆستایەكی ئایینی بەناوی (مه‌لا سدیق خۆشناو) پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی شێنێیانی خواروو لە شارۆچكەی حاجیاوا، لەلایەن هێزێكی دەمامکدار رفێندرا و تاوەكو ئێستا چارەنووسی دیار نییە.

ئەزوەر جەعفەر بابەكر، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاوا بە رووداوی راگەیاندوه‌ “پۆلیس و ئاسایش لە لێكۆڵینەوە و گەڕان بە دوای چارەنووسی ئەو مامۆستایە بەردەوامن و تاوەكو ئێستا هیچ زانیارییەكمان پێنەگەیشتووە، بەڵام داوامانكردووە بە زووترین كات چارەنووسی ئەو مامۆستایە یەكلایی بكرێتەوە”.

رۆژی سێ شەممە 21/3/2017 كه‌ ده‌كاته‌ یه‌كه‌م ڕۆژی نه‌ورۆز گردبوونەوەی زانایانی ئایینی و چین و توێژە جیاوازەكان بۆ ئیدانەی رفاندن و دەستگیردنی (مەلا سدیق خۆشناو) لە حاجیاوا لەبەردەم مزگەوتەکەی بەڕێوەچوو.

لە سه‌ر ئه‌م پرسه‌شه‌ (یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان) لەبارەی رفاندنی ئەو مامۆستایە، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و وێڕای دەربڕینی ناڕەزایی و بێزاری ئاماژەی بەوەدا “ئەم هەڵسوكەوتە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ پیرۆزی مزگەوت و پێگەو مامۆستایانی ئایینی یەكناگرێتەوە”.

یەكێتی زانایان ئەو هەنگاوە بە مەترسیدار “بۆ بێڕێزیكردن بەرامبەر پێگەی ئایینی و كۆمەڵایەتی مامۆستایانی ئایینی” وەسفدەكات، هه‌روه‌ها ڕایانگه‌یاندوه‌” ماوەیەكە زنجیرە رووداوێكی لەم شێوەیە لە كوردستان روودەدەن و هیچ پرەنسیپێكی یاسایی و كۆمەڵایەتی و ئایینی تێدا رەچاونەكراوە، بەتایبەتی ئەم رووداوە دوای راسپاردەكانی وەزارەتی ئەوقاف دێت، بەوەی هەر لێپێچینەوەیەك دەبێ لە رێگەی وەزارەتەوە بێت، كەچی ئەوقافی رانیە پاكانەی مامۆستا دەكات و بێ ئاگایی خۆشیان لەم كارە رادەگەیێنن”.

یەكێتی زانایان داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی دەڤەرەكە دەكات، بە زووترین كات روونكردنەوە لەسەر رفاندنی مامۆستای ناوبراو بدەن و، وەڵامی ئەو هەموو ناڕەزایی و نیگەرانیانەش بدەنەوە.

Back to top button