بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار ،عێراق کێشەی لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ درووست دەبێت

 

بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار عێراق لەبەردەم ئالنگارییەكی تردایە و تووشی كێشە دەبێت و شرۆڤەکاران و پسپۆڕانی بواری ئابووری پێیان وایە  لە دابینکردنی  مووچەی فەرمانبەران لە مانگی داهاتوودا سەرکەوتوو نابێت .

وەک پسپۆڕانی ئابووری ئاماژەیان پێداوە ، دۆلار نوێنەرایەتی داهاتی سەرەكی عێراق دەكات بەهۆی ئەوەی داهاتی سەرەكی عێراق نەوتە، لە بەرانبەریشدا وەزارەتی دارایی لەو داهاتەی كە لە فرۆشتنی نەوتدا بە دۆلار دەستی خستووە كۆمەڵێك پابەندی مانگانەی لە ئەستۆیە و پێویستە بە دینار بیاندات.

روونیشیان کردۆتەوە وەزارەتی دارایی دۆلارەكانی خۆی دەفرۆشێتە بانكی ناوەندیی عێراقی و پارە لە بانكەكە وەردەگرێت، لەوێشەوە وەزارەتی دارایی بە دیناری عێراقیی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و پابەندییەكانی تری دەوڵەت دابین دەكات.

لەوێوە دیسان بانكی ناوەندی دۆلارەكەی خۆی كە لە وەزارەتی داراییەوە دەستی خستووە دەفرۆشێتە بازرگان و وەبەرهێن و هاوردەكاران بە شێوەیەكی كاش و دیناری عێراقی دەست دەكەوێتەوە.

 

هاوکات بە پرسیارەوە ئاماژە بەوە دەکەن ،  ئایا ئەو بڕە دینارەی وەزارەتی دارایی دەستی دەكەوێت بەشی پێداویستییەكانی مانگانەی عێراق و مووچە دەكات؟

 

جێگەی ئاماژەیە وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە پێویستی بە نزیكەی هەشت تریلۆن دیناری عێراقیی هەیە بۆ دابینكردنی مووچە و خەرجییەكانی كارپێكردن “تشغیلی” بە واتایەكی تر، رۆژانە پێوویستی بە 260 ملیار دینار هەیە، كە بە نرخی ئێستەی دۆلار نزیكەی 182 ملیۆن دۆلاری رۆژانەیە.

ئەمەش بەو مانایە دێت كە رۆژانە بانكی ناوەندی عێراقیی پێویستی بەوە هەیە كە لانی كەم 182 ملیۆن دۆلار بفرۆشێت بۆ ئەوەی بتوانێت رۆژانە 260 ملیار دینار و مانگانەیش هەشت تریلیۆن دۆلار دەست بخات.

لە لایەکی تریشەوە باس لەوە دەکەن ، ئەوە بۆ ماوەی سێ مانگ دەچێت فرۆشی رۆژانەی بانكی ناوەندی كەمترە لە 100 ملیۆن دۆلار و ئەمەیش بەو مانایە دێت كە بانكی ناوەندی و لەلایەكی تریشەوە وەزارەتی دارایی ناتوانن 260 ملیار دیناری رۆژانەیان دەست بكەوێت و بەمەیش كێشە بۆ دابینكردنی خەرجییەكانی دەوڵەت و لەسەرووی هەمووشیانەوە مووچەی فەرمانبەران دروست دەبێت.

عەبدولرەحمان مەشهەدانی، پسپۆڕ و شرۆڤەكاری ئابووری لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنییدا  لەمبارەیەوە رای گەیاند، مانگی داهاتوو بانكی ناوەندی دیناری پێ دابین ناكرێت، بە ئاماژەدان بەوەی ” دەرهاوێشتەی كێشەكانی سێ مانگی رابردوو لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئەم مانگە بە سووكی دەركەوت، كاتێك لیستی مووچە لە عێراق 29ی مانگی رابردوو راگەیەندرا، لە كاتێكدا مانگەكانی پێشووتر هەموو 16ی مانگێك دەستكراوە بە دابەشكردنی مووچە.

لەکۆتاییشدا ئەم پسپۆڕە ئابوورییە ئاماژەی بەوەشکردووە  “%77ی پارەی عێراق لە دەست خەڵكە و كەسیش ناتوانێت لە دەستیان دەربهێنێت، چونكە خەڵك سیقەی بە سیستمی بانكی نییە لەو وڵاتە، لەلایەكی تریشەوە كەمبوونەوەی فرۆشی بانكی ناوەندی لە دۆلاردا بە مانای كەمبوونەوەی ئەو بڕە دیانارە عێراقییە دێت كە بانكی ناوەندیی هەیەتی، بۆیە بە دڵنیاییەوە تووشی كێشەی دابەشكردنی مووچە دەبینەوە لە مانگی داهاتوودا.

Back to top button