حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بە پلەبەرزکردنەوە و خزمەتی فەرمانبەران دەکات

 

بە پێی ڕاگەیاندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری ، لەسەر داوای سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، لیژنەیەک بۆ دەستنیشانکردنی گرفتەکانی جێبەجێکردنی رێنمایی دارایی ژمارە 12ـی تایبەت بە پێداچوونەوەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و هەژمارکردنى خزمەتیان لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازی پێکهێنرا.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە ، لیژنەکە لە یەکەم هەنگاوی، تیمەکانی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی و لیژنەیەکی تایبەت لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ پرسى میلاکات راسپارد بە مەبەستی پێداچوونەوە و وردبینی بە دۆسیەى فەرمانبەران.

 

هاوکات تەیدا ئاماژە بەوەش دراوە ، لە کۆی 32 دامەزراوەى هەر سێ دەسەڵاتی «دادوەرى و یاسادانان و جێبەجێکردن»، پێداچوونەوە بە 365 هەزار و 452 دۆسیە کرا کە حەوت هەزار و 196 دۆسیە پلەى زیادەیان بۆ بەسترا بوو و 15 هەزار و 614 دۆسیەشیان زیادە مووچەیان هەبوو، کە کۆى جیاوازى مووچەکەیان دەکاتە ملیارێک و 360 ملیۆن و 808 هەزار دینار.

 

لە بەشێکی تری ڕاگەیاندراوەکەدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاندووە ، هەر لەم چوارچێوەیەدا و بۆ یەکخستنەوەی دۆسیەی کەسیی ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگە، تا ئێستا لەکۆى 60 هەزار و 16 دۆسیە، 41 هەزار و 982 دۆسیە، بۆ پێداچوونەوە ئامادەکراون و بڕیار وایە بە زوویی دۆسیە نایاساییەکانیان لە رووی پلەبەرزکردنەوە و زیادە مووچە، دەستنیشان بکرێن.

جێگەی ئاماژەیەوە ، کابینەى نۆیەم، لە یەک کاتدا کاری لەسەر پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و پرسى چاکسازى کردووە، تا ئێستا دەیان هەنگاوى کردەیی و جددی لەم بوارە ناوە، ئەمەش هۆکار بووە بۆ رێکخستنەوەى دۆسیەى فەرمانبەران و گەڕاندنەوەى سامانێکى زۆرى دارایی بۆ نێو خەزێنەى حکومەت.

Back to top button