موحسین سه‌عدون:حەشدی شەعبی دەیەوێ لە كوردستان گوشار دروستبکات تا پڕۆژەی سەربەخۆیی سەرنەگرێت.

خواكوڕك

سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایده‌گه‌ێنێت” چەندین سکاڵا لەسەر رەفتارەکانی حەشدی شەعبی لە شەڕی گرتنەوەی شاری مووسڵدا گەیشتوونەتە بەغدا و دوای کۆتایی ھاتنی شەڕیش شوێنیان لە مووسڵ نابێتەوە و ده‌بێت موسل چۆڵبكه‌ن.

(موحسین سەعدون) سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی پارتی راگەیاندوه‌ “چەندین یەکەی حەشدی شەعبی بەشدارن لە ئۆپەڕاسیۆنی گرتنەوەی شاری مووسڵدا، بەڵام دوای ئازادکردنی شارەکە رێگە نادرێت ھیچ ھێزێکی حەشدی شەعبی لە ناوچەکە بمێنێتەوە بەتایبەت لە سنووری دەشتی نەینەوادا، چونکە حەشدی شەعبی رۆڵی خراپی بینیوە لە شەڕی مووسڵدا  و مانەوەی دەبێتە ھۆکاری دروستبوونی شەڕ و کێشەی مەزھەبی لەو پارێزگایەدا، تا ئێستا چەندین سکاڵا لەبارەی رەفتارەکانی حەشدی شەعبییەوە لە مووسڵ گەیشتوونەتە بەغدا کە چەندین تاوانیان ئەنجامداوە، ئێدارەی شارەکە دژی مانەوەی حەشدی شەعبییە لە مووسڵ دا.

لەبارەی ناوچە کوردستانییەکانیش سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق زیاتر روونی کردەوە “ئێمە وەکو کورد بەھیچ شێوەیەک رێگە نادەین حەشدی شەعبی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوونیان ھەبێت،  ئێستا خەڵکی کورد لەھەندێ شوێن کە بۆ حەشدی شەعبی ناونووس دەکەن، پێچەوانەی یاسایە و بەگوێرەی رێکەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا ھیچ ھێزێک بۆی نییە بێتە ناوچە کوردستانییەکان، چونکە ئەو ناوچانە ھێشتا لەڕووی یاسا و دەستووریەوە یەکلا نەکراونەتەوە و ھێزی عێراقی جێگەی نابێتەوە.

ئاماژەیشی دا، حەشدی شەعبی دەیەوێ لە راکێشانی ھاوڵاتیان کورد بۆ نێو ریزەکانی کێشە بۆ ھەرێمی کوردستان دروستبکات  و درز بخاتە نێو میللەتی کورد، لای ھەموو لایەنەکانیش روونە حەشدی شەعبی دەیەوێ لەو ناوچانەدا گوشار دروستبکات تا پڕۆژەی سەربەخۆیی سەرنەگرێت.

Back to top button