ڕێگری لە بەرزكردنەوەی نرخی خۆراك و كاڵا لە بازاڕەكانی كوردستاندا دەكرێت
لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی، نرخی كاڵا و خۆراك لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا بەرزبووەتەوە. بە مەبەستی چارەسەركردنی دۆخی بازاڕ و جێگیركردنی نرخی خۆراك و شتومەك، دامودەزگاكانی سەر بە وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازی، لەلایەكەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ بازرگانان كار بۆ دابەزاندنی نرخ دەكەن و لەلایەكی دیكەشەوە لیژنەكانی پشكنین، چاودێریی بازاڕ دەكەن.
ماردین ئەبوبەكر، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازی، لەوبارەیەوە بە پێگەی فەرمیی حكومەتی ڕایگەیاند: “لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتدا، میكانیزمی جێگیركردنی نرخ دەستیپێكردووە؛ لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانییەوە هەماهەنگی لەگەڵ بازرگانان بۆ هێنانەخوارەوەی نرخ كراوە، بۆ ئەوەی ئەو فشارە زۆرەی لەسەر كڕیاران و هاووڵاتییان هەیە، نەمێنێت.”
جگە لە هەماهەنگی، لەبارەی چاودێریی بازاڕیشەوە، گوتی: “ڕۆژانە لیژنەكانمان بۆ پشكنینی نرخ لە بازاڕەكاندا لە گەڕاندان، لە ئەگەری ساغكردنەوەی كاڵای ماوە بەسەرچووشدا، ڕێكاری یاسایی دەگیرێتەبەر. هەروەها لە ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی دۆلاردا، ڕێكاری دیكەی جێگیركردنی نرخ دەگرینەبەر.”
هاوكات لە میانی ئەو هەڵمەتانەدا، پڕۆسەی هەرزانکردنی نرخی هێلکە و پەلەوەر و بەرهەم و کاڵا خۆماڵییەکان لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکردووە و بڕیاریشە لە هەموو ناوچەکان دیكە بەردەوامی پێ بدرێت.
حکومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت نرخی گونجاو بۆ کاڵا خۆراکییەکان دیاری بکات و هاووڵاتییانی کەمدەرامەت بە گونجاوترین نرخ پێداویستییەکانیان دەستبكەوێت؛ بەتایبەت ئەو خۆراکانەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێن. ئەمەش لەلایەكەوە بۆ پاراستنی باری دارایی هاووڵاتییان و لە لایەكی دیكەشەوە بۆ بەردەوامبوونی کێبڕکێ و جوڵەی بازاڕە.