نه‌وزاد شێخ كامل: پێشنیازكراوه‌ مامه‌ڵه‌كانی ئاڵوگۆڕ و كڕینی ئۆتۆمبێل و خانوو بكرێته‌ دینار

 

 

دوای ئەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی لە ماوەی رابردوو بەرزبووە، بە هۆیەوە نرخی كاڵاو كەل و پەلەكان لە بازاڕەكانی كوردستان بەرز بووەوە و تەنانەت جولەی بازرگانی كەمی كرد، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی رایگەیاند بۆ كەمكردنەوەی لێككەوتەكانی بەسەر خەلكی هەرێمی كوردستان  حكومەت چەند هەنگاوێك دەگرێتە بەر.

 

نه‌وزاد شێخ كامل، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاندووە بۆ پاڵپشتیكردنی هاووڵاتییانی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت حكومەتی هه‌رێم چه‌ند هه‌نگاوێك ده‌گرێته‌به‌ر ، یه‌كێك له‌ هه‌نگاوه‌كانیش پاڵپشتیكردنی بازرگانانه‌ بۆ دابینكردنی مادده‌ خۆراكییه‌كان به‌ نرخی هه‌رزانتر له‌ بازاڕ و به‌رده‌وامبوون له‌ دابه‌شكردنی به‌شه‌خۆراكی مانگانه.

 

هەروەها راشیگەیاندووە وه‌ك یه‌كێك له‌ چاره‌سه‌ریه‌كانی هه‌رزانكردنی نرخی كاڵا و مادده‌ خۆراكییه‌كان له‌ بازاڕه‌كان، هه‌وڵدراوه‌ له‌ڕێگه‌ی خێراكردنی دابه‌شكردنی به‌شه‌ خۆراكی مانگانه‌، پێداویستی رۆژانه‌ی هاووڵاتییان دابین بكه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر نرخی بازاڕ دروستده‌كات.

 

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی ئاشكراشی كردووە، پێشنیازیانكردووه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كانی قه‌رز، ئاڵوگۆڕی ئۆتۆمبێل و كڕینی خانوودا به‌ دینار بكرێت له‌بری دۆلار، كه‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر دابه‌زینی به‌های دۆلار ده‌بێت به‌هۆی زیادكردنی جوڵه‌ی دینار له‌ بازاڕدا.

 

Back to top button