بەرپرسێكی پارتی: پارتی پێداگرە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەمساڵدا

 

 

دوای تێپەڕینی چەند مانگێك بەسەر وادەی سازدانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و حكومەت، بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیێنێت پارتی پێداگرە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەمساڵدا.

 

بەرەڤان حەمدی،  لەو باریەوە راگەیاند: ” پارتی پێداگرە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەمساڵدا ، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەفەرمی رایگەیاندووە کە هەموو پێداویستییەکان بۆ هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دابین دەکات.“

 

هەروەها ئەو بەرپرسەی پارتی ئەوەیشی خستە روو کە چیتر بیانوو و پاساو نایخوات، یەکێتیی نیشتمانی دوو بژارەی بۆ هەڵبژاردن هەیە، یەکەم ئایا دێت و لەنێو کابینەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆچوونەكانی خۆی بۆ پێداویستیی لۆجستی و دابینکردنی هەڵبژاردن دەخاتە روو، دووەم لە رووی سیاسییەوە، لە رێگەی پەرلەمانەوە دەیەوێ کۆمیسیۆن بە چ میكانیزمێک دەنگ بدرێت و یاسای هەڵبژاردن کاتەکەی چ کاتێک بێت؟ لە هەردوو حاڵەتەکەدا، پارتی ئامادەیی هەیە پرۆسەکە بەڕێوە بچێت.

 

ئەو بەرپرسەی پارتی دەشڵێ: ”ئەم بابەتە شەڕی موزایەداتی راگەیاندن و سۆشیال میدیا نییە، بەڵکوو شەڕی کردارە و دەبێ لە کۆبوونەوە بە ڕەزامەندی و رێککەوتنی هەردوو لا بێ، وەک پارتی لەسەر ئاستی هەرسێ سەرۆکایەتیی هەرێم، حکوومەت و پەرلەمان کارئاسانی دەکەین، تا بە شەفافییەت و چاودێریی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی و بەپێی یاسا بەرکارەکان، هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت.“

 

بەرپرسەكەی پارتی، بە پێیویستی دەزانێت، کە لایەنە سیاسییەکان بە یەکێتیی نیشتمانیشەوە، کێشە نێوخۆییەکانیان بەپێی پەیڕەو و سیستمی سیاسیی حزبیی خۆیان چارەسەر بکەن و نەیگوازنەوە بۆ لایەنەکانی دیکە، نەیکەن بە کێشەی سەرتاسەریی هەرێم و پرۆسەی هەڵبژاردنی پێ پەک بخەن، بەوەش کێشە نێوخۆییەکانیان چارەسەر نابێت، چونکە هەڵبژاردن چارەنووس و هەڵسەنگاندنی هەرێمی کوردستانە، هەم لە نێوخۆ و هەم لە دەرەوەش.

 

 

Back to top button