شەپۆلێكی بەفر و باران سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی رایگەیاند: لە ئەنجامی ھاتنی سەنتەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست بۆ سەر ناوچەکانمان و قوڵبوونەوەی بارستەھەوا ساردەکە، سبەی سێشەمە ٧ـی ٢ـی ٢٠٢٣ کاریگەری شەپۆلی بەفر و بارانبارین فراوان دەبێتەوە بۆ سەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و لەتەواوی ناوچە شاخاوییەکان بە درێژایی کاتەکان بەفربارین دەبێت و لە سەنتەری پارێزگاکانیش بارانی بەردەوام و ھەندێک کات پچڕپچڕ دەبێت، پلەکانی گەرما بە ڕێژەی ٤ تا ٦ پلە نزمتردەبێتەوە، چالاکیی باش دەگاتە ٣٥کم/س. لە کاتەکانی سبەی شەوی سێشەمە لەسەر چوارشەمە ٨ـی ٢ـی ٢٠٢٣ پلەکانی گەرما زیاتر نزم دەبنەوە و پێشبینیمان وایە بەفر تا ناو سەنتەری شاری سلێمانی دابەزێت و لەسەنتەری شاری دھۆکیش بەتێکەڵی بەفر و باران (شڵێوە) بێت و تەواوی ئەو شوێن و ناوچانەی بەرزییان زیاترە لە ٧٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا بەھەمان شێوە سبەی شەو کەش گونجاو ئەبێت بۆ بارینی بەفر.

رۆژی چوارشەمە ٨ـی ٢ کاریگەری ئەم شەپۆلە بەلاوازی لەسەر ناوچەکانمان ئەمێنێتەوە و کاتەکانی بەرەبەیانی پێنجشەمە ٩ـی٢ لەزۆربەی ناوچەکان کۆتایی بە بەفر و باران دێت، تەنھا لەناوچەکانی رۆژھەڵاتی ھەرێمی كوردستان بەردەوامی دەبێت تا کاتی ئێوارەی ھەمان رۆژ ، بەڵام کاریگەری ئەو بارستە ھەوا ساردەی ھەیە زیاتر دەبێت و تا سەرەتای ھەفتەی ئایندە ١١ـی مانگ کەشێکی سارد بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرما نزمتردەبنەوە بە جۆرێك لەسەنتەری پارێزگاکان لەکاتەکانی شەودا پلەکانی گەرما بۆ سفر و ژێر سفری سەدی نزم دەبنەوە ، لەناوچە شاخاویەکانیشدا ٨ تا ١٥ پلە بەجیاوازی بەرزی شاخەکان بۆ ژێر سفری سەدی دادەبەزێت.

Back to top button