بەرپرسی لقی نۆی پارتی: یەكێتی ترسی لە ئەنجامەكانی دوای هەڵبژاردن هەیە، بۆیە پاساو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەهێنێتەوە
دوائەوەی لە ماوەی رابردوو یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەموو هەولێكی خستە گەڕ بۆ دواخستنی هەڵبژارد و لە ئێستاشدا جارێكی دیكە سەگەرمی هێنانەوەی بیانووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان، بەرپرسی لقی نۆی پارتییش دەڵێت پاساوەكانی ئێستای یەكێتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن پەیوەندی بە دۆخی ناوخۆی ئەو حزبەوە هەیە، ترسیان لە ئەنجامەكانی دوای هەڵبژاردنە.
مەردان خدر، بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەی هەوڵەكانی یەكێتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بە (دەزگای میدیایی خواكوڕكی) راگەیاند: یەكێتی بە هۆی بارودۆخی ناوخۆی حزبەكەی و ترسیان لە ئەنجامەكانی دوای هەڵبژاردن، سەرقاڵی پاساو هێنانەوەن بۆ جارێكی دیكە دواخستنی هەڵبژاردنەكان، لە كاتێكدا یەكێتی هەموو بیانوویەكی بڕاوە، ئێستا كەس نازانێت چ پاساوێكی دیكە دەدۆزێتەوە.
ئەو بەر پرسەی پارتی گوتیشی : یەكێتی باش ئەوە دەزانێت بە هۆی ئەو بارودۆخە ناهەموارەی دروستیانكردووە لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگیان كەم دەكات و خەڵكی سزایان دەدا، بۆیە پاساو دەهێننەوە هەر چۆنێك بێت هەڵبژاردن دوابخرێت.
بەرپرسی لقی نۆی پارتی گوتیشی بە هۆی دواخستنی هەڵبژاردن مەترسیی زیاتر لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت، بۆیە هەر لایەنێک بەرپرسیاریەتی دەکەوێتە سەرشان کە بیەوێت چیتر هەڵبژاردن دوابخات.