وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کۆمەڵێک رێنمایی لە کاتی روودانی بوومەلەرزە دەرکرد

 

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێک رێنمایی لە کاتی روودانی بوومەلەرزە دەرکرد و داوایشی لە ھاووڵاتییان کردووە کە لە کاتی روودانی بوومەلەرزە، جێبەجێی بکەن، بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن و دووربن لە زیان

 

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رێنماییەکانی لە راگەیەندراوێکدا ئاراستەی ھاووڵاتییان کردووە و تیایدا ھاتوو: کاتێک ھەست بە بوومەلەرزە دەکەیت لەکاتێکدا لەناو ژوورێک یان باڵەخانەیەکی بەرزدایت، پەنا ببە بۆ ژێر پارچە مۆبیلیاتی ئەستوور (مێزێک یان مێزی ئۆفیس)

 

‎ راشیگەیاندووە، ئەگەر ناتوانیت خۆت بشاریتەوە، خۆت لە گۆشەیەکی ژوورەکەدا بچەسپێنە و ھەوڵبدە لە پەنجەرەکان دوور بکەویتەوە و ئاگاداری کەوتنی سەقف و ھەڵواسینی دیوار بن

 

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن داوایشی لە ھاووڵاتییان کردووە، ئاگاداری ئەو شتانە بن، کە لە رەفەکانەوە دەکەونە خوارەوە، ھەروەھا داڕمانی سەقفی لاوەکی و ھاتووە ھەوڵبدە ھەندێک شتی پارێزەر بخەیتە سەر سەرت

 

‎ ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە پێویستە ھاووڵاتییان ئاگاداری رۆیشتن بن لەسەر پردە ھەڵواسراوەکان کە بیناکان بەیەکەوە دەبەستنەوە، ھەروەھا داوای لە ھاووڵاتییان کردووە کە خۆیان بەدووربگرن لە بەکارھێنانی بەرزکەرەوە و باشترە قادرمە بەکاربھینرێت لە پرۆسەی چۆڵکردندا و رایگەیاندووە کە پێویستە ھاووڵاتییان دوای تێپەڕبوونی بوومەلەرزەکە نەگەڕێنەوە بۆ ناو باڵەخانەکان ، تا ئەو کاتەی لە سەلامەتی باڵەخانەکانیان سەلامەت دڵنیا دەبن.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بەشێک لە رێنماییەکانی ئاراستەی ئەو کەسانە کردووە کە لە کاتی روودانی بوومەلەرزە لە ماڵەوەن و داوای کردووە کە لە کاتی بوومەلەزرە لە ماڵەوە نەمێنن و بچنە دەرەوە و ھاتووە، ئەگەر ناتوانی بچیتە دەرەوە، ھەوڵبدە بە پارچە مۆبیلیاتە گەورە و بەھێزەکان خۆت داپۆشیت، ھەروەھا بە گۆشەیەکی ژوورەکە یان دیوارەکانەوە خۆت بپارێزە و ھەوڵبدە لە پەنجەرەکان دوور بکەویتەوە

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، کۆتایی ھاتنی بوومەلەرزەکە بە مانای کۆتایی ھاتنی مەترسییەکە نییە، بەو پێیەی دواتر بوومەلەرزەی پاشماوەی بە توندی کەمتر بەدوای خۆیدا ھێنا، یان رەنگە ئەم بوومەلەرزە، بوومەلەرزە سەرەکییە وێرانکەرە نەبێت کە لە کاتێکی دواتردا دێت، ئەمەیش باشترین ھۆیە کە پابەند بیت بە رێنماییەکانی دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان و ئارامگرتن و رێگادان بە تیمەکانی بەرگریی شارستانی بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست

 

ئەمەیش دوای ئەوە دێت بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە قەزای پازارجیکی پارێزگای مەڕەش، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7،4 پلەی ریختەر روویدا و لە زۆربەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان ھەستی پێکرا

Back to top button