ڕۆژنامەی (العربی الجدید): لە دەروازەكانی سلێمانییەوە دۆلاری بە قاچاخ ئاودیوی ئێران دەكرێ
ڕۆژنامەیەکی قەتەڕی نهێنییەکی نێو کۆبوونەوەکەی شاندی ئەمریکی و عێراقی لە تورکیا ئاشکرا دەکات و باس لەوەدەکات کە لە كۆبوونەوەكەی ئیستەنبۆڵ شاندە ئەمریكییەكە بە لایەنی عێراقییان راگەیاندووە، لە دەروازەكانی سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و دیالەوە، دۆلاری كاش بە قاچاخ دەبرێتە نێو كۆماری ئیسلامیی ئێران.
ڕۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەڕی لە زاری سەرچاوەیەكی نزیك لە باڵوێزخانەی ئەمریكییەوە ئاشكرای كردووە، لە كۆبوونەوەكەی ئیستەنبۆڵ، بەرپرسە ئەمریكییەكە پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراقی لەوە ئاگادار كردۆتەوە كە چەند دەروازەیەكی نایاسایی هەن، ناكەونە ژێر دەسەڵاتی دامەزراوەكانی دەوڵەت و تێیاندا ڕێگە بە ئاودیوكردنی دۆلار بە شێوەی كاش بۆ ئێران دەدرێت كە ئەوانیش لە پارێزگاكانی دیالە و سلێمانین.
ڕۆژنامە قەتەرییەکە باسی لەوەشکردووە کە: ”لە كۆبوونەوەكەدا شاندی ئەمریكی بەڵگەیان خستۆتە ڕوو لەسەر ئەوەی قاچاخچێتیی دۆلار بە شێوەیەكی ڕێكخراو لە لایەن چەند كەسێكەوە دەكرێت كە سەر بە حزبن و پەیوەندیی بەهێزیان لەگەڵ ئێران هەیە و بە بارهەڵگری گەورەوە دۆلار دەبەنە ئێران و دواتر بارهەڵگرەكان بە بەتاڵی دەهێننەوە نێو عێراق بۆیە لایەنی ئەمریكا داوای لە عێراق كردووە، پرۆسەی وردبینیكردن لە دەروازە فەرمییەكان توندتر بكات و ئامێری پێشكەوتوو بۆ ئاشكراكردنی باری دۆلار لەنێو بارهەڵگرەكانی پێ دەدات و دەبێ کۆنترۆڵیان بکەن،”