ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ره‌زامه‌ندی دا له‌سه‌ر خه‌رجكردنی قه‌رزی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان

 

ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراق ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر خه‌رجكردنی‌ پاره‌ی‌ قه‌رزی‌ شایسته‌ داراییه‌كانی‌ جووتیارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دا كه‌ بۆ ساڵه‌كانی‌ 2015 و 2016 خه‌رج ده‌كرێ‌.

لەمبارەوە ” فارس عیسا سه‌رۆكی نوێنه‌راتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنەکان گوتی‌، ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیران ره‌زامه‌ندی‌ داوه‌ به‌ خه‌رجكردنی‌ پاره‌ی‌ گه‌نمی‌ جووتیاران.

فارس عیسا هاوکات روونی كرده‌وه‌ كه‌ بڕی پاره‌كه‌ 272 ملیار و 26 ملیۆن دیناره‌ و له‌ رێگای كۆمپانیای دانه‌ێڵه‌ی عێراقه‌وه‌ له‌ رۆژانی داهاتوو خه‌رج ده‌كرێت.

ئه‌و پاره‌ی‌ كه‌ پێشتر بۆ شایسته‌ی‌ جووتیاران ره‌وانه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كرا، به‌چه‌ند به‌شێك بوو كه‌ له‌ڕێی‌ چه‌كی‌ بانكییه‌وه‌ ده‌درا به‌ جووتیاران.

جێگەی ئاماژەیە پاره‌ی گه‌نمی جووتیارانی ھه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵه‌كانی 2014، 2015، 2016 بڕی 575 ملیار دینار بوو. حكومه‌تی عێراق له‌ ساڵی 2021 بڕی 305 ملیار دیناری خه‌رج كرد و 270 ملیار دینار ماوه‌ كه‌ به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌كان بێت، ئه‌مڕۆ ڕه‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر خه‌رجكردنی‌ ئه‌و به‌شه‌ی‌ تری‌ پاره‌كه‌ داوه‌.

 

Back to top button