شوان زراری: یوسف محه‌مه‌د چاوه‌ڕێی دادگا دەکات بە نادەستووری دژی كوردستان بڕیار بدات

ئه‌مڕۆ سێشه‌م حه‌وتی‌ شوبات، دادگای‌ فیدراڵی‌ له‌باره‌ی‌ سكاڵایه‌كی‌ یوسف محه‌مه‌د و گرووپێك له‌ناو نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ كۆ بووه‌وه‌، به‌ڵام دانیشتنه‌كه‌ دوا خرا. خه‌ڵكی‌ كوردستان ئه‌و گرووپه‌یان به‌ سه‌ركز و ناشیرین وه‌سف كرد كاتێك بینییان له‌ دادگایه‌كی‌ له‌و جۆره‌، چاوه‌ڕێی‌ بڕیارێك دژی‌ كوردستان ده‌كه‌ن.

لەمبارەوە شوان زراری ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنەکان وتی : خه‌ڵكی دڵسۆز له‌ كوردستان كاری جوان و مرۆڤدۆستانه‌ ده‌كات ، له‌ خه‌می برینداران و لێقه‌وماوانی باكور و رۆژئاوای كوردستانن و هاوكاری مادی و مه‌عنه‌وی ده‌گه‌یه‌ننه‌ ئه‌و دوو ناوچه‌یه‌، كه‌سانێكی مشه‌خۆر و خۆخۆریش خه‌ریكی دوژمنایه‌تی كردنی ناوخۆن.
شوان کەریم هەروەها گوتی : ئه‌مه‌ جیاوازی كه‌سانی دڵسۆزی كوردستان و یوسف محه‌مه‌د كه‌ ماوه‌یه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان بوو، ئێمه‌ به‌و شێوه‌یه‌ كاری خۆمان ده‌كه‌ین، ئه‌ویش به‌و شێوه‌یه‌ كاری خۆی ده‌كات له‌ به‌رده‌م دادگایه‌كی ناده‌ستووری، چاوه‌ڕێی بڕیارێكی شۆڤێنانه‌ ده‌كات دژی هه‌رێمی كوردستان و كاری هه‌میشه‌یی خۆی ده‌كات.

لە کۆتاییشدا ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ روونی كرده‌وه‌، رواڵه‌تی مرۆڤ هه‌رچی بێت ناخیشی هه‌مان شته‌، یوسف محه‌مه‌د ئێسته‌ دژی هه‌موو تاكێكی كوردستان له‌ به‌غدا وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ و دژی دامه‌زراوه‌یه‌كی شه‌رعی چووه‌ته‌ به‌رده‌م دادگا و سكاڵای هه‌یه‌، چاوه‌ڕێیه‌ عه‌ره‌ب و دادگا فیدراڵییه‌كه‌ دڵی خۆش بكات، ئه‌و دادگایه‌ی كه‌ دژی هه‌موو تاكێكی كورد وه‌ستاوه‌ته‌وه‌، ئه‌و یوسف محه‌مه‌ده‌ چووه‌ پشتگیری ده‌كات و ئه‌ویش ده‌یه‌وێ ئه‌وه‌نده‌ی تر بخاته‌ سه‌ر بڕیاره‌كانی.

Back to top button