شەپۆڵێکی بەفربارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

ئاراس جه‌بار، شاره‌زای كه‌شناسی رایگه‌یاند: ئەمڕۆ و ئەمشەو، کاریگەریی شەپۆلەکە لەسەر سنووری پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک و کەرکووک بە لاوازی بەردەوام ده‌بێ، ھەندێک کات ئەگەری نمەباران و بەفرێکی کەم لەناوچە شاخاوییەکاندا هه‌یه‌.

لە نیوەرۆی ئەمڕۆوە لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و باکووری گەرمیان، ئەگەری چالاکبوونی ھەورەتریشقە و ناوبەناو بارینی تەرزەتاوە دەبێت. ئه‌و كه‌شناسه‌، ڕاشیگه‌یاند: له‌ ئێوارەی ئەمڕۆوه‌ تا درەنگی شەو، پلەکانی گەرما زیاتر نزم ده‌بنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ناجێگیریی كه‌شوهه‌وا له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان، هاوكات‌ پێشبینیی بارینی بەفر تا ڕاددەی سپیپۆشبوون لە سەنتەری سلێمانی و ھەڵەبجە و له‌ سەنتەری قەڵادزێ، ڕانیە، عەربەت، سەنگاو، چەمچەماڵ، بازیان، پیرەمەگرون، سەید سادق و ھەڵەبجەی تازەش به‌فر ده‌بارێ و پێشبینیی ده‌كرێ له‌ یه‌ك تا 5 سانتیم ببارێ.

ئاراس جه‌بار ده‌شڵێ: بەی پێنجشەمە 9/2/2023، ئاسمانی ھەرێمی كوردستان بە نیمچە ھەوری دەمێنێتەوە تا کاتەکانی ئێوارە، لەگەڵ بەردەوامیی بەفربارین و نمەباران لە ناوچە جیا جیاکاندا و لە کاتەکانی شەودا کەش سەقامگیر دەبێتەوە و پلەکانی گەرما بە نزمی دەمێننەوە.

 

Back to top button