ئەنجومەنی وەزیران کەمپینێکی بەرفراوان بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە لە تورکیا و سوریا ڕادەگەیەنێت
* ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە بوومەلەرزە تاوتوێ کرا.
* ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەوی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان پەسەند کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2/8، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی هەرێمی کوردستانی بۆ کەس و کار و بنەماڵەی قوربانیانی بوومەلەرزەی هەردوو وڵاتی تورکیا و سوریا دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، کە هەرێمی کوردستان بە پێی توانا ، هەموو هاوکاری و یارمەتییەکی پێویست پێشکەشی زیانلێکەوتووانی ئەم کارەساتە دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، یەکەمین کاروانی فریاگوزاری و هاوکاری هەرێم گەیەنرایە تورکیا و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت. لە هەمانکاتدا ڕێکاری پێویستیش گیراوەتە بەر بۆ ناردنی کاروانی فریاگوزاری بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی سوریا.
لە مبارەیەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، کەمپینێکی بەرفراوانی گەیاندنی هاوکاری و کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ زیانلێکەوتووانی کارەساتەکە ڕابگەیەنێت و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان ڕاسپێردران، بۆ ئەم مەبەستە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر.
پاشان لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ڕاپۆرتێک سەبارەت بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کارەساتی بوومەلەرزە و ئامادەکارییە پزیشکییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لە کاتی ڕوودانی کارەساتی سروشتی و سنووردارکردنی زیانەکانی بوومەلەرزە، لە لایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی خرایەڕوو .
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی پەیڕەوی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، کە لە لایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەوەکەی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد.
ئەنجومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی دەربارەی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی تایبەت بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان ( بەتایبەتی کێشەی ئاو و کارەبای دەربەندیخان) کرد،لەمبارەیەوە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت ڕاسپێردران، کار بۆ باشترکردنی خزمەتگوازییەکان و نەهێشتنی کێشە و گرفتەکان بکەن.