عوسمان بانیمارانی: گه‌یاندنی هاوكارییە‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەكە جێی ده‌ستخۆشییه‌

دوای روودانی بوومەلەرزەكەی تورکیا و سووریا هەر زوو بەرەبەیانی 6ی 2ی 2023، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ چەند تیمێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان، خۆیان گەیاندە باكووری كوردستان و توركیا و بۆ ڕزگاركردنی خەڵك لەژێر داروپەردووی باڵاخانە داڕووخاوەكان بوون، لەبەرامبەردا بەشێكی زۆر لە میدیا لۆكاڵییەكانی سلێمانی كە لە لایەن یەكێتی و بەرپرسانی ئەو حزبەوە ئاراستە دەكرێن، لەجیاتی ستاییشكردنی ئەم كارە مرۆڤدۆستییە، وەك پیشەی هەمیشەیان كەوتنە بوختانكردن و بڵاوكردنەوەی هەواڵی درۆ .”

 

لەبارەیەوە عوسمان بانیمارانی، ئەندامی پێشووی سەركردایەتیی یەكێتی  رایگەیاند: ”ئەوەی رووی داوه‌ له‌ باكوور و رۆژئاوای كوردستان، كاره‌ساتێكی یه‌كجار زۆر گه‌وره‌یه‌، ده‌بێت له‌ روانگه‌ی جیاوازه‌وه‌ لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكرێت و ئێمه‌ له‌به‌رده‌م ته‌حه‌دای زۆرین، چ كاره‌ساتی سرووستی بێ، چ كاره‌ساتی سیاسی، ده‌بێت ئه‌م كاره‌ساته‌ ببێته‌ وانه‌یه‌ك بۆ نزیكبوونه‌وه‌ و ته‌باییمان و خۆشه‌ویستی و برایه‌تیمان له ‌سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌ بێت،”

دەشلێت:”هیوادارین ئه‌و كاره‌ساته‌ كاریگه‌ریمان لێ بكات و یه‌كمان بخان، هه‌رچی بكرێت هاوكاری بكرێت بۆ باكوور و رۆژئاوای كوردستان هێشتا كه‌مه‌، وه‌ك خه‌ڵكی باشوور هه‌رچی له‌ده‌ستمان بێت، ده‌بێت بیكەین.“

 

سەبارەت بە هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی یش بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە گوتی : ”ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌شێكه‌ له‌م میلله‌ته‌، به‌شێكه‌ له‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ و جیاوازی نییه‌، ئه‌وه‌ی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ باكووری كوردستان كردوویەتی، ده‌ستیان خۆش بێت، هه‌ر كه‌سێك و ده‌زگایه‌كی دیكه‌ش له‌ژێر ناوی كوردایه‌تی و مرۆڤایه‌تی بیكات، كارێكی زۆر باشه‌، ”

دەشلێت:” هیوادارین خه‌ڵكی باشووری كوردستان به ‌یه‌ك ده‌ست و یه‌ك گیان به‌شدار بن له‌ كه‌مپین و پێشكەشكردنی هاوكارییه‌كان.

Back to top button