تیمەكانی هەرێمی كوردستان لە هاوكاریكردن و رزگاركردنی لێقەوماوانی بوومەلەرزەكەی تورکیا بەردەوامن

دوای ئەو بوومەلەرزە بەهێزەی کە وڵاتانی تورکیا و سووریای گرتەوە و بووە هۆی ڕووخانی سەدان باڵەخانە و هەزاران قوربانیشی لێکەوتەوە، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزانی هەرێمی کوردستان، سێ تیمی فریاگوزاری رەوانەی تورکیا کران،

 

تیمەکان، پێکهاتبوون لە وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی تەندروستی و دەزگای خێرخوازی بارزانی، کە هاوکاری مرۆیی و فریاگوزاری پێشکەشی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە دەکەن.

 

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پێگەی فەرمی حكوومەتی راگەیاند: “سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانی كرد، كە هاوكارییە پزیشكیی، مرۆیی و سەرەتاییەكان بگات بە لێقەوماوان و قوربانییانی ئەو بوومەلەرزەیە، هەر لەدوای راسپاردەكە، لەچەند كاتژمێرێكی كەمدا تیمەكان توانیان بە ژمارەیەكی زۆر لە پزیشكانی پسپۆڕ و گشتی و كارمەندانی تەندروستی و ئەمبۆڵانسەكان، هاوكات بڕێكی زۆر لە دەرمان و پێداویستی پزیشكی و ئەو بابەتانەی بۆ حاڵەتی لەناكاو بەكاردێت و سوودی دەبێت، بگەیەندرێتە وڵاتی توركیا.”

 

ئەو تیمەی وەزارەتی ناوخۆ، کە پێکهاتوون لە کەسانی بە ئەزموون و شارەزا، لە رزگارکردنی گیرخواردووانی بوومەلەرزەکە بەرشدارن و تاوەکو ئێستاش بەردەوامن.

 

لەمبارەیەوە د.هێمن میرانی، بەرێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند: “لەدوای راسپاردەی سەرۆكی حكوومەت، لەسەرئاستی چوار بەڕێوەبەرایەتی لە وەزراەتی ناوخۆ تیمەكانمان رەوانە كراون، ئەوانیش؛ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان، كە تیمی بەهاناوە چوونن؛ پەیمانگەی بەرگریی شارستانی، بەڕێوەبەرایەتیی شارستانیی هەولێر و دهۆك؛ كە خەڵكی راهێنراو و شارەزایان لەبواری گەڕان و دۆزینەوە و رزگاركردن و فریاگوزاری هەیە، ئەو تیمانە هاوشان لەگەڵ تیمی وەزارەتی تەندروستی و دەزگای خێرخوازی بارزانی و دامەزراوەكانی دیكەی خێرخوازی گەیشتە توركیا”.

 

هەروەها لەبارەی پەیامی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ناردن و بەهاناوەچوونی قوربانییانی ئەم بوومەلەرزەیە، هێمن میرانی گوتی: “ئەمە پەیامێكی مرۆییە و ئەو رووداوەی لەوێ روویداوە پێویست وابوو حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوشانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەنگ لێقەوماوانەوە بچێت.”

 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە پرۆسەی پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی و فریاگوزاری بەشدارن، خۆراک و خێمە بەسەر زیانلێکەوتووان دابەشدەکەن، رۆڵیکی گەورەشیان لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە هەیە.

 

لەبارەی راسپاردنیان لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و هەنگاوەكانی ئامادەكاریی و ناردنی هاوكارییەكانیان لەو چوارچێوەیەدا، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی رایگەیاند: “لەدوای راسپاردەكە، تیم و كارمەندمان رۆشتوونەتە ناوچە زیانلێكەوتووكان و لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەكی زۆری خۆبەخش، كە ئێستا لیستێكی تۆماركردنمان بۆ داناوە و لە هەریەكێك لەو شوێنانە تیمێكی تایبەت لەو كەسە خۆبەخشنانە وەردەگیرێت، كە هاوكاردەبن لەگەڵ تیمەكەی خێرخوازی بارزانی.”

 

ئاماژەی بەوەشدا، كە “بەردەوام لە پەیوەندیداین لەگەڵ تیمەكانمان تاوەكوو زووبەزوو ئاڵوگۆڕیان تێدا بكرێت بەپێی ئەو پسپۆڕییەی لەوشوێنانە پێویستە و دەكرێت لە خزمەتكردنی ئەو خەڵكەدا ئێمە ئاڵوگۆڕیان تێدا بكەین بۆ خزمەتكردنی باشتر و خێراتر”.

 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، كە بە ئەرکی خۆی دەزانێت هاوکاری مرۆیی و فریاگوزاری پێشکەشی زیانلێکەوتووانی ڕووداو و کارەساتە سرووشتییەکانی وڵاتانی دراوسێ بکات و لە رۆژانی داهاتوودا هەنگاوەکانی هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان زیاتر دەبێت و ناوچەکانی سووریاش دەگرێتەوە.

Back to top button