وەزارەتی خوێندنی باڵا لە بارەی قوتابیانی هەرێمی کوردستان لە تورکیا و ئێران روونکردنەوە دەدات

 

وەزارەتی خوێندنی باڵا لە روونکردنەوەیەکدا بۆ قوتابیانی هەرێمی کوردستان لە تورکیا ، دڵنیایی دەدات لەوەیکە ئه‌و قوتابیانه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌و زانكۆیانه‌ی توركیا ده‌خوێنن كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ناوچه‌ زیانپێكه‌وتووه‌كان به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌هۆی وه‌ستانی خوێندن رووبه‌رووی هه‌ر گرفتێك ببنه‌وه‌، قه‌ره‌بووی ماوه‌ی خوێندنیان بۆ ده‌كرێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (9/2/ 2023)، د. یاسین ساڵح، بەڕێوەبەری گشتی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنەکان گوتی : تاوه‌كو ئێستا هیچ هه‌واڵ نییه‌ و په‌یوه‌ندییان پێوه‌نه‌كراوه‌ كه‌ قوتابییه‌كی هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ گرفتیان بۆ دروست بووبێت یاخود رووبه‌ڕووی مه‌ترسی بووبێتنه‌وه‌.

یاسین ساڵح هەروەها ئاماژەی بەوە کرد ، “ئێمه‌ به‌ وردی چاودێری دۆخی قوتابیانی هه‌رێمی كوردستان له‌ زانكۆكانی توركیا ده‌كه‌ین و له‌ هه‌ر روویه‌كه‌وه‌ پێویستیان پێبێت، هاوكاری و پشتگیرییان ده‌كه‌ین، ته‌نانه‌ت بۆ ماوه‌ی خوێندن و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر پێویست بكات به‌هۆی وه‌ستانی خوێندن له‌و زانكۆیانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌ زیانپێكه‌وتووه‌كان به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌”.

لەبەشێکی تردا یاسین  سه‌باره‌ت به‌ قوتابیانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ زانكۆكانی ئێران ده‌خوێنن گوتی :  له‌ وه‌رزی خوێندنی پێشوو به‌هۆی ناله‌باری دۆخی ئه‌و وڵاته‌ رێگه‌یان پێدرا بگه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ی خوێندن كه‌ دۆخی وڵاتی ئێران ئاسایی بووه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ قوتابیانی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندی خوێندن و مانه‌وه‌بن له‌و زانكۆیانه‌ی لێی ده‌خوێنن.

لە کۆتاییشدا داوای لە قوتابیانی زانكۆكان كرد به‌شداری ئه‌و هه‌ڵمه‌ته نیشتمانییه‌‌ بكه‌ن بۆ به‌هاناوه‌چوونی لێقه‌وماوانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌.

Back to top button