مەسرور بارزانی: پەیامێكی پیرۆزبایی بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد بڵاوكردەوە
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نووسەرانەی كورد پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوە.
لە پەیامەكەی سەرۆكی حكومەتدا هاتووە: گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی مەڵبەندی گشتیی و لقەکانی و سەرجەم نووسەر و ئەدیبانی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم.
دەقی پەیامەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد
بە بۆنەی پەنجا و سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی مەڵبەندی گشتیی و لقەکانی و سەرجەم نووسەر و ئەدیبانی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم.
یەکێتیی نووسەرانی کورد، لە قۆناخە جیاکانی خەباتی گەلی کوردستاندا، ڕۆڵێکی گرنگ و مێژوویی لە برەودان بە زمان و ئەدەب و کولتووری کوردیدا گێڕاوە و هەمیشە بەرگری لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستاندا کردووە. لەم بۆنەیەدا، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، لە خەباتی درەوشاوەی یەکێتیی نووسەرانی کورد و نووسەر و ڕۆشنبیرانی نیشتمانپەروەری کوردستان دەڕوانین و هیوادارین، لە خزمەتکردنی زیاتری کاروانی ڕۆشنبیریی و پەرەپێدانی زمان و ئەدەبی کوردی و بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی کوردستاندا بەردەوام بن و لەم ڕووەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە پشتیوانیان دەبێت .
سڵاو بۆ گیانی پاکی نووسەرانی شەهید و سەرجەم شەهیدانی گەلی کوردستان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان