لقی 3ی پارتی : دەستێکی تێکدەر و گێرەشێوێنی دژی دیموکراسییەت لە پشت سوتاندنی بارەگاکەی کەرکوکەوەیە

 

لە دوای سوتاندنی بینایه‌ی باره‌گای لیژنه‌ی ناوچه‌ی چوار ـی سه‌ر به‌ لقی 3 ی پارتی لە گەڕەکی ئازادیی کەرکوک ، لقی 3 ی پارتی ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە .

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە ، ئه‌مرۆ پاش نیوه‌ڕۆ له‌ لایه‌ن ده‌ستێكی تێكده‌ر و گێره‌شێوێن و دژی دیموكراسییه‌ت و برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان ، بینایه‌ی باره‌گای لیژنه‌ی ناوچه‌ی چوار ـی سه‌ر به‌ لق مان له‌ گه‌ڕه‌كی ئازادی سوتێندرا كه‌ ئه‌م بینایه‌ دوای خیانه‌تی 16ـی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ له‌ لایه‌ن هیزه‌داگیر كه‌ره‌كانه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌را گیرابوو .

ئه‌مه‌ له‌ كاتیكدایه‌ كه‌ ئه‌نجوومه‌نی نوینه‌رانی عێراق و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی فیدڕاڵ ره‌زامه‌ندی ته‌واویان نیشان داوه‌ به‌ كردنه‌وه‌ی باره‌گاكانی پارتی له‌ سنوری پارێزگای كه‌ركوك و ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی ئیداری و سیاسی و ئه‌منی له‌م پاریزگایه‌ .

ئێمه‌ لای خۆمانه‌وه‌ به‌ توندی سه‌ركۆنه‌ی ئه‌م كاره‌ ترسنۆكانه‌یه‌ ده‌كه‌ین و رایده‌گه‌یه‌نین كه‌ ئه‌مه‌ هه‌وڵێكی تێكده‌رانه‌ی دژه‌ دیموكراسیه‌ و ئه‌و كه‌س و لایه‌نه‌نانه‌ی له‌ پشت ئه‌م كرده‌وه‌ ترسنۆكه‌وه‌ن ، چاویان به‌ ئالای پارتی و شكۆمه‌ندی رێبازی بارزانی هه‌ڵنایه‌ت .

ئه‌م هه‌وڵه‌ نه‌زۆكانه‌یه‌ ناتوانیت رێگر بێت له‌ شكۆ و گه‌وره‌یی پارتی و رێبازی بارزانی و كه‌ركوكییه‌ چاونه‌ترسه‌ خۆڕاگره‌كان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ سه‌رده‌می تاكره‌وی و عه‌سكه‌رتاریه‌ت و شۆڤێنیزم به‌سه‌ر چوه‌و ئازادی و برایه‌تی و پێكه‌وه‌ ژیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نێو ماڵی هه‌موان .

له‌ هه‌مانكاتدا به‌رپرسیاره‌تی ئه‌م كاره‌ قێزه‌وه‌نه‌ راسته‌وخۆ له‌ سه‌ر شانی ئیداره‌ی كه‌ركوكه‌ و پێویسته‌ به‌ زوترین كات ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ن و ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م كاره‌ ترسنۆكانه‌یه‌ راده‌ستی یاسا بكرێت .

 

لقی 3ی پارتی دیموكراتی كوردستان

2023/10/2

Back to top button