ئەنجومەنی فیدراڵی دروستدەکرێت و دادگەی فیدراڵیش دەستکاری دەکرێت
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق و، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئاشکرا دەکات و، دەڵێت، “سەرۆک کۆمار پێی راگەیاندوون کە ئەنجومەنی فیدراڵی دروستدەکرێت و دادگەی فیدراڵییش دەستکاری دەکرێت.”
شوان محەممەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق کە بەشداری کۆبوونەوەکە بوو ڕایگەیاند،” “چەندین بابەتمان لەگەڵ د. لەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق باسکرد، لەوانە رەوشی عێراق بەگشتی و حکومەتی عێراق کە کورد لە چوارچێوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەشێکە لێی، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لە بڕیارەکانی دادگەی باڵای عێراق “دژ بە هەرێمی کوردستان کرد”، سەرۆک کۆمار گوتی، هەوڵەکان چڕبوونەتەوە بۆ ئەوەی دادگەی باڵای فیدراڵی پێکبهێندرێتەوە، چونکە ئێمە دەزانین کاتی خۆی زۆرینەی لایەنە کوردستانییەکان بەو پێکهاتە و فۆرمە دەنگیان بۆ نەداوە.”
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتیشی: “باسی پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی کرا کە ئێستا هەوڵ هەیە بەپێی ماددەی 65ی دەستووری عێراق و پێکهێنانەوەی دادگەی باڵای فیدراڵی بەپێی ماددەی 92ی دەستوور و، هەروەها باس لە ماددەی 140ی دەستوور، دەرکردنی یاسای نەوت و گاز و چەندین دۆسیەی وەکو بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و تێڕوانینی حکومەتی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان کرا.
شوان محەممەد، باسی لەوەشکرد کە سەرۆک کۆماری عێراق گوتوویەتی، “ئێستا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و نێوخۆیش تێڕوانینی پۆزەتیف لەبارەی حکومەتی عێراقەوە هەیە و لە چەندین بواردا دەیەوێت هەنگاو بنێت، لەوانەش بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.”
هەروەها گوتیشی، ” لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق باسی پێشێلکارییە زەقەکانی دەستووری عێراقمان کرد و داوامان کرد وەکو پارێزەری دەستوور هەوڵەکانی چڕبکاتەوە.”