وەزارەتی پێشمەرگە وردەكاریی سەر مووچە و پلەبەرزكردنەوەی پێشمەرگە دەخاتە ڕوو

سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە، وردەكاری لەبارەی سەرمووچە و پلەبەرزكردنەوە و خانەنشینی پێشمەرگە ئاشکرا دەکات و، دەڵێت: ئێستاش خەریكین پێنج خشتەی سەر مووچە و پلەبەرزكردنەوەی پێشمەرگە تەواو دەكەین.

فەریق ڕوكن عیسا عوزێر، سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایگەیاند: بەرنامەی چاكسازیی خانەنشینی و پلە بەرزكردنەوەی پێكەوە بەستبوو، دوای چەندین دانیشتن لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و لەگەڵ خودی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەرەنجام ئەم دوو بابەتە پێكەوە نەبەسترایەوە و بەپێی یاسا، خشتەی ساڵانی 2018 و 2019ــەمان پێكەوە هێنایەوە و خانەنشینیشمان بەڕێكرد و كێشەی بەرزكردنەوەی پلەی ئەفسەرەكانمان چارەسەر كرد.

سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەش دەشڵێ: ئێستاش خەریكین پێنج خشتە پێكەوە پێشكەش بكەین، تاوەكوو بگەینە ئاستێكی پێویست، لە هەمان كاتدا كارمان لەسەر دوو خشتەی دیكەی سەر مووچە و پلەبەرزكردنەوە كردووە، كە تایبەتن بە مانگی 9ـی ساڵی 2022 و نەورۆزی ساڵی 2023، تاوەكو لە ساڵی 2023دا كێشەی تەرقییە و پلەبەرزكرنەوە لەناو لەشكری كوردستاندا نەمێنێت، تاوەكوو پێش نەورۆزی ئەمساڵ، چوار لیوای دیكەی پێشمەرگە دەخرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

ئاماژەی بەوەش دا، نووسراوەكانیان و كارەكانیان لەنێو حكومەت زوو رایی دەكرێت، گوتیشی: “ئێستا كارەكانمان لەناو حكومەت زۆر بەخێرایی و دوور لە ڕۆتینات بەڕێوە دەچێت، ئەوەی پێشتر بە ساڵێك دەكرا، ئێستا بە یەك هەفتە وەڵاممان دەدرێتەوە، زۆر سوپاسی حكومەت بەگشی و جەنابی كاك مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت دەكەم، كە زۆر هاوكارییان كردووین لە بەرەوپێشچوونی چاكسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا.

Back to top button