وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لهبارهی فرۆشتنی نهوت به ئیسرائیل روونكردنهوهیهكی بڵاو كردهوه
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا بەتووندی بانگەوازو چەواشەکاری چەند کەسێك لە دەزگا میدیاییەکانی عێراقی ڕەتدەکاتەوە و بە هەوڵی ناحەزانی سەقامگیری و رێكکەوتنی نێوان عێراق و كوردستانی هەژمار دەکات.
لە روونکردنەوەکە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایدەگەیێنێت: ئەم بانگەوازە چەواشەکارییانە تەنیا ئامانج لێی تێكدانی ئەو هەلە زێڕینەیە كە لەدوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق رەخساوە بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكان.
دەقی روونكردنەوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان:
لەم چەند رۆژەی دواییدا چەند كەسێك لەدەزگا میدیا عێراقییەكانەوە بانگەوازی ئەوە دەكەن گوایە نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی تانكەرەوە بەقاچاغ ئەبرێتە دەرەوەو بە وڵاتی ئیسرائیل دەفرۆشرێت.
ئێمە لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەتووندی ئەم بانگەوازە جەواشەكارییانە ڕەتدەكەینەوەو بە هەوڵی ناحەزانی سەقامگیری و رێكەوتنی نێوان عێراق و كوردستان هەژماری دەكەین.
هەموو ئەم لێدوان و بانگەوازانە هیچ بنەما و ڕاستییەكی تێدا نییە، لەكاتێكدایە هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانن ، ئەم بانگەوازە چەواشەکارییانە تەنیا ئامانج لێی تێكدانی ئەو هەلە زێڕینەیە كە لەدوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق رەخساوە بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكان.
وەزارەتی سامانی سروشتییەکان دووپاتی دەکاتەوە کە نەوتی هەرێم بە تەواوی لە رێگای بۆری و لە ژێر وردبینی کۆمپانیای بێلایەنی (دیلۆیتی) نێودەوڵەتیی هەناردەی دەکات و هەموو کاتێک ڕێز لە دەستووریی عێراقی فیدراڵ و یاساكان دەگرێت.