رێبەر ئەحمەد: داوا لە بەرپرسانی حكومەتی فیدراڵ دەكەین رێككەوتنی شنگال جێبەجێ بكەن
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا چاوی بە بەرپرسانی باڵای حكومەتی عێراق كەوتووە و سەردانەکانی شاندی هەرێم بەردەوامی هەیە.
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، تا ئێستا رێككەوتنی شنگال جێبەجێ نەكراوە، لەوكاتەی یەكێك لەو خاڵانەی لایەنە سیاسییەكان بۆ بنیاتنانی پرۆسەی نوێی سیاسی و پێكهێنانی كابینەی نوێی حکومەتی عێراق لەسەری رێك كەوتن.
وەزیری ناوخۆ دووپاتی كردەوە، رێككەوتننەكە چەند خاڵێكی سەرەكی لەخۆ دەگرێت، ئەنجامەكانیشی خزمەت بە سەقامگیری و ئاوەدانكردنەوەی شارۆكەی شنگال و گەڕانەوەی دانیشتووانی ئاوارەی بەشێوەیەكی خۆویستانە دەكات، بەتایبەتی ئێزیدییەكان بەهۆی كارە تیرۆریستییەكان ئاوارە بوون.
رێبەر ئەحمەد زیاتر گوتی، هاوئاهەنگی لە نێوان هەردوو هەرێمی کوردستان و حكومەتی فیدراڵ هەیە، لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ و بەرگری حكومەتی فیدراڵ كۆ دەبینەوە بۆ باسكردنی جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال، دووپاتی كردەوە، هیوامان بە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیران هەیە و پەیامی ئێمە ئەوەیە كە پاڵپشتی لە حكومەت و پرۆسەی نوێی سیاسی دەكەین و بەشێكی سەرەكین لە بنیاتنانی پرۆسەكە، داواش لە بەرپرسانی حكومەتی فیدراڵ دەكەین رێككەوتنی شنگال جێبەجێ بكەن.