بڕیاری لێخۆشبوون بۆ بەستنی پێوەری ئاو درێژ كرایەوە

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات: ماوەی لێخۆشبوونی هاوڵاتییان درێژ کرایەوە کە بەهۆی نەبەستنی پێوەری ئاو سزایان درابوو.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند:” تا 21ــی4ــی2023، ماوەی لێخۆشبوونی هاوڵاتییان درێژ کرایەوە کە بەهۆی نەبەستنی پێوەری ئاو سزایان درابوو.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند: ماوەی هەشت مانگ پێش ئێستا کە ڕێژەی بەستنی پێوەر لە کوردستان ٪73 بوو، بەڵام لەگەڵ ئەو لێخۆشبوونە ئێستا بەستنی پێوەر بووەتە ٪80 و ئەوانەی بە پێوەری ئاو پارە دەدەن بۆ دوو مانگ لە 12 هەزار کەمترە و بۆ ئەوانەشی پێوەریان نەبەستووە، مانگانە 45 هەزار دینارمان جێگیر کردووە.
باسی لەوەش کرد:” ئێستا یەک ملیۆن و 75 هەزار هاوبەشی ئاومان تۆمار کراوە و جگە لە پڕۆژەکانی ئاو پێنج هەزار و 730 بیری ئیرتیوازیشمان هەیە، کە ڕۆژانە سێ ملیۆن و 70 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەکرێت، کە ڕۆژانە 200 تا 400 لیتر ئاو بۆ هاوڵاتییان دابین دەکرێت و ئەوە ڕێژەی ستانداری تێپەڕاندووە.
ئاری ئەحمەد گوتیشی: ساڵانە داهاتی ئاومان 42 بۆ 62 ملیار دیناری عێراقییە و لە بەرامبەردا خەرجی ڕاستەوخۆی کەرتی ئاو ساڵانە 125 ملیار دینارە و ساڵانە خەرجی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ 500 ملیار دینار تێپەڕ دەکات و خەرجی هەر مەتر سێجایەک نزیکەی 510 دیناری عێراقییە. بەڵام نرخی کرێی ئاو لە 50 دینار دەست پێ دەکات تا 400 دینار کە لە 45 هەزار دیناریش تێ ناپەڕێت.