مەریوان قەرەنی بۆ ستران عەبدوڵا: یەكێتی دەیەوێ سلێمانی بكاتە پەناگەی تیرۆریستان و گەندەڵكاران
ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە نوێترین لێدوانی کە ماستاو بۆ جووت برای خۆسەپێنی سەركردایەتیی یەكێتی دەکات، تێدا بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەكی هەبێت، هێرشێكی ناڕەوای كردووەتە سەر هەولێری پایتەخت. لەوەڵامدا جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: سلێمانی شارێكی جوانە، یەكێتی دەیەوێ سلێمانی بكاتە پەناگەی تیرۆریستان و گەندەڵكاران.
مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: ” خەڵكی كوردستان هۆشیارن و چاویان ڕاستییەكان دەبینێت، چاویان ئەوە دەبینێت كە هەولێر و دهۆك، هەروەها ئیدارە سەربەخۆكانی زاخۆ و سۆران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پێش دەكەون، لە سایەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە بەرامبەریشدا پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە پاش دەكەون، لەسایەی ئەو ڕێگرییانەی كە یەكێتی و بڕیاربەدەستانی ئەو حزبە دەیكەن، لە هەنگاوەكانی حكومەت و ئەو هەموو گەندەڵییە زۆرەی لە داهاتەكانی ئەو ناوچانەدا دەكرێت.“
دەشڵێت:” سلێمانی شارێكی جوانە، خەڵكێكی ماندوو و خەباتگێڕ و نیشتمانپەروەر و ڕۆحشیرینی هەیە، بەڵام یەكێتی لە لایەكەوە كردوێتیە پەناگەی گەندەڵكاران و پەناگەی تیرۆریستانی داواكراو لە لایەن دادگا، ئەوەتا بەڵگەی ڤیدیۆیی هەیە كە دژەتیرۆری یەكێتی و سەرانی دژەتیرۆر ئەفسەری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانیان بە ژن و منداڵەوە تەقاندووەتەوە، كەچی هاوسەرۆكێكی حزبەكەی ستران عەبدوڵڵا لە سلێمانی داڵدەی تۆمەتبارەكانیان داوە، ئەمەش مەعقوول نیە .”
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە كرد كە تا یەكێتی واز لە تاڵانكردنی داهاتی سلێمانی نەهێنێت، تا تۆمەتبارانی تیرۆر رادەستی دادگا نەكرێن و پشتیوانی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەكرێت، خەڵكی سلێمانی و تەواوی ئەو ناوچانەی كە یەكێتی بە زەبری هێز دەستی بەسەریاندا گرتووە، ناحەسێنەوە، جا با كەسانی وەك ستران عەبدوڵا نەك درۆ و بوختانێك، بەڵكوو هەزاران بوختانیش بكەن.