وەزارەتی تەندروستی لەبارەی جۆرە دەرمانێك دڵنیایی دەدات بە هاوڵاتییان

له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتیى کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان،  ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند: “هاوڵاتییانمان ئاگاداردەکەینەوە لەسەر بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لە چەند پەیج و ماڵپەڕێک لە ناوخۆ و دەرەوە سەبارەت بە دەرمانێک کە 18 منداڵ لە وڵاتی ئۆزبەکستان به‌هۆیه‌وە گیانیان لە دەست داوە دوای بەکارهێنانی دەرمانەکە، ناوی دەرمانەکە (Dok-1Max syrup)کە لە وڵاتی هیندستان بەرهەم هاتووە لەلایەن کارگەیەک بەناوی Marion Biotech.”

لە ڕاگەیێندراوەکە ئەوەش هاتووە : “ئێمە دوای بە دواداچوونی وردی زانستی و پیشەییانەی خۆمان، بۆ هاوڵاتیانمان ڕوونی دەکەینەوە، کە بە هیچ جۆرێک لەکوردستان بوونی نیە و بەهیچ جۆرێک هاوردەی کوردستان نەکراوە و هیچ بەرهەمێکی ئەو کارگەیە لە هەرێمی کوردستان نییە و ڕێگەپێدراو نییە و کارگەکەش تۆمار نەکراوە.”

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش داوه‌: “هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەم 18منداڵە، بۆ ماددەیەکی ژەهراوی ده‌گه‌رێته‌وه‌، بەناوی Ethylene glycol لە ناو دەرمانەکە کە دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی ئەندامێک یان چەند ئەندامێکی لەش بە تەواوی.”

هەروەها بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان دڵنیایی تەواو دەداتە هاوڵاتییانى کوردستان کە بەردەوام لە بەدواداچوونی ورد و زانستییانە دایە سەبارەت بەم بابەتە لەناو دەرمانخانەکان و کۆگاکانی دەرمان بە مەبەستی بنبڕکردنی دەرمانی بێ سەرچاوە و قاچاغ”.

Back to top button