ئەردۆگان: بەهۆی بوومەلەرزەوە 35 هەزار و 418 كەس گیانیان لەدەستداوە
رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیا، لەبارەی ئەو بوومەلەرزەیەی ٦ـی ئەم مانگە لە وڵاتەكەی روویدا، رایگەیاند “بە كۆدەنگی تەواوی شارەزایانی جیهان، گەورەیی و قەبارەی وێرانكاریی بوومەلەرزەكە بە رووداوێكی سرووشتیی جیاواز هەڵدەسەنگێندرێت.
ئەردۆگان لە تەلاری سەرۆكایەتی ئیدارەدانی كارەسات و باری لەناكاو (AFAD) كە لە دوای بوومەلەرزەكانی قەهرەمانمەڕەش وەكو ناوەندی بەڕێوەبردن بەكاردەهێندرێت، لە دوای كۆبوونەوەی كابینەی سەرۆكایەتی كۆمار گوتارێكی پێشكەش كرد.
سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەكانی قەهرەمانمەڕەشەوە 35 هەزار و 418 كەس گیانیان لەدەستداوە و 13 هەزار و 208 بریندار ئێستا لە نەخۆشخانەكاندا لە ژێر چارەسەردان و هەروەها گوتی: نزیكەی 250 هەزار كارمەندی حكومی لەو ناوچانەی كە بوومەلەرزە تێیاندا روویداوە، لەسەر ئەركن.
ئەردۆگان گوتیشی: لە كۆی زیاتر لە 19 هەزار باڵەخانەی رووخاو لە ناوچەی بوومەلەرزەكە كارەكان لە 15 هەزاری تەواو بووە.