سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا فەڕەنسییەکان کۆبوویەوە

ئەمڕۆ هەینی 17ی شوباتی 2023، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ فەڕەنسا، لە نووسینگەی سەرەکی دەزگای بازرگانیی فەڕەنسی بۆ کۆمپانیا فەڕەنسییەکان Mouvement des entreprises de France (MEDEF) لە شاری پاریس، لەگەڵ ژمارەیەک خاوەنکار و وەبەرهێنەر و بازرگان و نوێنەری چەندین کۆمپانیای فەڕەنسی کۆبوویەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر بارودۆخی گشتیی ئابووریی هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە ڕووی هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوازرییە گشتییەکان و پێشکەشکردنی ئاسانکاریی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە.

هانی کۆمپانیا فەڕەنسییەکانی دا کە زیاتر وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن، ئامادەیی هەموو هاریکاریی و هاوئاهەنگییەکی پێویستی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ ئەم مەبەستە دەربڕی.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبووان چەندین سەرنج و تێبینی و ڕاسپاردەیان بە ئاراستەی پەرەپێدانی وەبەرهێنانی فەڕەنسی لە هەرێمی کوردستان خستە ڕوو و سەرۆکی حکومەتیش وەڵامی پرسیار و تێبینی بەشدارانی کۆبوونەوەکەی دایەوە.

Back to top button