میدیایەکی یەکێتی: بۆ ئەوەی مووچەی شەهیدانەیان نەبڕێت، خەڵکی هەڵەبجە نایانەوێت منداڵە ونبووەکانیان بدۆزرێنەوە.

 

دوای دۆزینەوەی منداڵێکی ونبووی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە، کە بەپێی پشکنینی DNA دەرکەوت منداڵەکە کوڕی ماڵباتێکی هەڵەبجەیە، ماڵپەڕێکی یەکێتی لە رێگای بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک سووکایەتی بە خەڵکی هەڵەبجە دەکات و دەنووسێت خەڵکی هەڵەبجە بۆ ئەوەی مووچەی شەهیدانەیان نەبڕێت، منداڵە ونبووەکانیان وەرناگرنەوە، ئەمەش خەڵکی هەڵەبجەی توڕەکردووە.

ماڵپەڕی پۆلەتیکی سەر بەیەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە راپۆرتێکیدا نووسیوویەتی، هەر خێزانێک منداڵە ونبووەکەیان لە کیمیابارانی هەڵەبجەی 1988، بدۆزرێتەوە، ئەوا ڕاستەوخۆ مووچەی شەهیدانەکەی کە بەهۆی منداڵە ونبووەکە بۆیان بڕاوەتەوە دەبڕدرێت و ئیمتیازاتەکانی تریشی لێ وەردەگیرێتەوە.

ئەو ماڵپەڕەی یەکێتی نووسیوویەتیشی، لەبەر ئەو هۆکارەش بەشێکی خێزانەکان نایانەوێت منداڵەکانیان بدۆزرێتەوە و هەوڵی بۆ نادەن، زۆرجاریش کە منداڵێک دەدۆزرێتەوە ئامادەنین، بچن پشکنینی DNA بکەن.

لە بەرامبەردا ئومێد عەبدول شاعیری هەڵەبجە دەنووسێت، سووکایەتی بە هەڵەبجە بەردەوامە، و بەڕاستی ئەوەی بڵێی ئابڕوو لە هاوشێوەی ئەم جۆرە سۆشیال میدیایانە نییە.

ئەو شاعیرە دەشنووسێت ئازاری وون بوون و لەدەست دانی منداڵ بەتایبەت لە تاوانێکی گەورەی وەک کیمیابارانی هەڵەبجە
تەنها خاوەن هەست و شعوورەکان دەرکی پێ دەکەن، بەڕاستی کەس و کاری منداڵە ونبووەکان و وەزارەتی شەهیدان دەبێ ئەم جۆرە میدیایە بۆ هەتا هەتایە ڕیسوا و بێدەنگ بکەن.

هەروەها کامل عەبدولقادر بەرکەوتەی چەکی کیمیایی هەڵەبجە، لە بارەی راپۆرتی میدیاکەی یەکێتی دەنووسێت: پۆلەتیک سووکایەتی بە هەڵەبجەییەکان دەکات، و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان هەڵوێستیان هەبێت.

Back to top button