لە گینیا ڤایرۆسێكی نوێ بووه‌ هۆی گیان لەدەستدانی نۆ كه‌س

نەوەیەکی نوێی ڤایرۆسی ماربۆرگ له‌ وڵاتی گینیا سه‌ری هه‌ڵداوه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ڕۆژئاوای ئه‌فریقا، ژماره‌یه‌ك دانیشتووی ئه‌م وڵاته‌ی تووش كردووه‌ و بووه‌ته‌ هۆی مردنی 9 كه‌س.

ڤایرۆسی ماربۆرگ له‌ خێزانی یه‌كێك له‌ ڤایرۆسه‌ كوشنده‌كانی ئیبۆلایه‌، به‌هۆی گواستنه‌وه‌ی خێرا و كوشنده‌یی ئه‌م ڤایرۆسه‌، ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی به‌ یه‌كێك له‌ ڤایرۆسه‌ مه‌ترسیداره‌كان پۆلێنی كردووه‌، کە پێویستی به‌ ئاستی چواره‌می كۆنترۆڵكردن و خۆپارێزی هه‌یه‌.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی گینیا، چه‌ند ڕێنوێنییه‌كی تایبه‌تی به‌ ڤایرۆسی ماربۆرگ بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا پێناسه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ و ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی كه‌ ده‌بێت بگیرێته‌به‌ر ده‌كات.
ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، پێشتر به‌ فه‌رمی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی ماربۆرگی له‌ گینیا ڕاگه‌یاندبوو، ئه‌ویش دوای مردنی نۆ كه‌س به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌.

ڕێكخراوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، “ئێستا سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاترین، هه‌روه‌ها تیمی پێشكه‌وتوو له‌ ناوچانه‌ی كه‌ كه‌سانی تووشبووی لێیه‌، جێگیر كراون بۆ جیاكردنه‌وه‌ی به‌ركه‌وته‌كان و دابینكردنی چاودێری پزیشكی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ نیشانه‌كانی نه‌خۆشییه‌كه‌یان لێ ده‌ركه‌وتووه‌ “.

بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی ماربۆرگ

ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌كرێت له‌ ڕێی جۆرێك له‌ شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ی (Pteropodidae) بگوازرێته‌وه‌، یان له‌ نێوان مرۆڤه‌كانه‌وه‌ له‌ ڕێی شله‌ی جه‌سته‌وه‌ له‌ نێوان بگوازرێته‌وه‌، یان له‌ ڕێی سێكسكردن به‌بێ به‌كارهێنانی پارێزراوی وه‌چه‌خستنه‌وه‌.

بۆ یه‌كه‌م جار دوای تووشبوونی 31 كه‌س به‌م ڤایرۆسه‌، ئه‌وه‌ ئاشكرابوو كه‌ ڤایرۆسی ماربۆرگ له‌ خێزانی ڤایرۆسی كوشنده‌ی ئیبۆلایه‌. حه‌وت كه‌سیش به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ مردن له‌ ساڵی 1967 له‌ ماربۆرگ و فرانكفۆرت له‌ ئه‌ڵمانیا و به‌لگراد له‌ سربیا دۆزرایه‌وه‌.
هۆكاری بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مه‌یموونه‌ سه‌وزه‌ ئه‌فریقییه‌كان كه‌ له‌ ئۆگه‌نداوه‌ هاتوون، به‌ڵام زاناكان له‌و كاته‌وه‌ هۆكاری بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌یان بۆ ئاژه‌ڵه‌كانی تر گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌.

نیشانه‌كانی ڤایرۆسه‌كه‌
نیشانه‌كانی ڤایرۆسی ماربۆرگ بریتین له‌ “تا، سه‌رئێشه‌ی به‌هێز، ئازاری ماسولكه‌، سكچوونی ئاوی، ئازاری گه‌ده‌، هێڵنج و ڕشانه‌وه‌”.
ڤایرۆسی ماربۆرگ ده‌كرێت له‌ ڕێی به‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ خوێنی نه‌خۆشێكی تووشبوو به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ یان شله‌كانی تری له‌شی وه‌ك پیسایی، ڕشانه‌وه‌، میز، لیك و ده‌ردراوه‌كانی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌ بگوازرێته‌وه‌، كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ به‌ ڕێژه‌یه‌كی زۆر له‌خۆ ده‌گرێت .

ماوه‌ی كه‌ره‌نتینكردن و چاودێریكردنی كه‌سی تووشبوو به‌ ڤایرۆسه‌كه‌، له‌ نێوان دوو ڕۆژ بۆ 21 ڕۆژدایه‌، هه‌روه‌ها هه‌موو ته‌مه‌نێك ئه‌گه‌ری تووشبوونی هه‌یه‌، به‌ڵام ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون له‌ كه‌سانی گه‌وره‌ بووه‌ و تووشبوون له‌ منداڵان زۆر كه‌من.

Back to top button