کوڕانی مام جەلال بۆ ئاڵا تاڵەبانی: بگەڕێیتەوە سلێمانی قاچت دەشکێنین

دوای ئەوەی ڕۆژی 3ی کانوونی دووەمی 2022، ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە فەرمانێکی وەزاری، ئاڵا تاڵەبانی وەک ڕاوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ژنان دەستنیشان کرد، ئەمەش کاردانەوەی بافڵ و قوباد تاڵەبانی لێ کەوتەوە و دەستیان بە گوشارەکان کرد بۆ دوورخستنەوەی ئاڵا تاڵەبانی.

سەرچاوەیەک بە دەزگای میدیایی خواکوڕکی گوت، کوڕانی تاڵەبانی دەستیان بە گوشارەکانیان کردووە بۆ دوورخستنەوەی ئاڵا تاڵەبانی و کار گەیشتووەتە ئاستی هەڕەشەی بایکۆتکردن لە حکومەتی عێراق، ئەگەر سوودانی فەرمانەکە هەڵنەوەشێنێتەوە.

لە وەڵامدا سوودانی بە کوڕانی تاڵەبانی گوتووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە سەرەتا پێویستە بڕوا بە خۆی بهێنن کە دەست لە کار بکشێتەوە، ئەمەش بۆ کوڕانی تاڵەبانی ناچێتە سەر چونکە ئاڵا تاڵەبانی ڕازی نابێت، وە ئاڵا تاڵەبانی هەڕەشەی کردووە کە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هەموو زانیارییەکان لە بارەی فشارەکانی کوڕانی تاڵەبانی و حکومەتەکەی سوودانی ئاشکرا دەکات.

ئەگەر چی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بەڵێنیان بە سوودانی داوە کە ئەوان بە هیچ جۆرێک ڕێ نادەن ئاڵا تاڵەبانی کاردانەوەی هەبێت و هێرشی بکاتە سەر، بۆ ئەوەش بافڵ تاڵەبانی پەیوەندی بە ئاڵا تاڵەبانی دەکات و پێی دەڵێت: ئەگەر لە میدیاکان یان لە کۆنفرانس و کۆبوونەوەکان هێرش بکەیتە سەر سوودانی یان لە و بارەیەوە سکاڵا بکەیت یان لێدوان بدەیت، ئەوا “یان نابێت بێیتەوە بۆ سلێمانی، یان کە هاتیت بە قاچ شکاوی دەگەڕێیتەوە بۆ کەرکووک و بەغدا و لالەزار”.

Back to top button